سەرۆکی شارەوانی بێشیکتاش بە 23 ساڵ زیندانی سزادرا

دادگایەکی تورکیا بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵی، سزای زیاتر لە 23 ساڵ زیندانیی بەسەر رەزا ئەکپۆڵات، سەرۆکی شارەوانی بێشیکتاشدا سەپاند و دەستیش بەسەر داراییەکانیدا گیرا، ناوبراویش لە یەکەم کاردانەوەدا بڕیارەکە بە "بوختان" ناو دەبات.

رەزا ئەکپۆڵات، سەرۆکی شارەوانی بێشیکتاش کە بە تۆمەتی "وەرگرتنی بەرتیل" و "گەندەڵی لە زیادکردنە ئاشکراکاندا" لە دۆسیەی "عەزیز ئیحسان ئاکتاش"دا دادگایی دەکرا، سزای قورسی بەسەردا سەپێنرا. دادگا بڕیاری دەدرکرد بە سزادانی ئەکپۆڵات بە 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانی بۆ هەر یەکێک لە دوو تاوانی جیاوازی وەرگرتنی بەرتیل، کە بە کۆی گشتی لەگەڵ سزاکانی دیکەدا گەیشتە 21 ساڵ و 23 مانگ و 37 رۆژ زیندانی.

هەر بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگا، دەست بەسەر تەواوی دارایی و ماڵومڵکی سەرۆکی شارەوانی بێشیکتاشدا لە ناوچەی چۆرلو گیراوە و بڕیاریش دراوە ناوبراو لە زینداندا بمێنێتەوە. هاوکات لە هەمان دۆسیەدا، دادگا ئەکپۆڵاتی لە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخراو" بێبەری کرد.

دوای دەرچوونی بڕیارەکە، رەزا ئەکپۆڵات پەیامێکی ناڕەزایەتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "وەک لە یەکەم رۆژەوە گوتوومە، هیچ تاوانێکم نەکردووە کە ببێتە هۆی ئەوەی منداڵەکانم، خێزانەکەم، هاوسەنگەرانم و هاووڵاتیانی بێشیکتاش کە شەش ساڵ خزمەتم کردوون، سەریان شۆڕ بێت."

سەرۆکی شارەوانی بێشیکتاش جەختی لەوەش کردەوە کە رووی سپییە و بە سەربەرزییەوە دەمێنێتەوە، گوتیشی: "لە هەموو کاتێک سورترم؛ پێکەوە لەگەڵ هاوڕێکانم ئەو سیستمەی لەسەر بنەمای 'بوختان بکە و بێبەری ببه'‌ کار دەکات، لە رەگ و ریشەوە لە وڵاتەکەمان هەڵدەکێشین."