لە رانیە بنکەی پاراستنی رووباری دەربەند کرایەوە

بۆ پاراستنی گیانی گەشتیاران و هاووڵاتییان، بەرگری شارستانی راپەڕین بنکەیەکی جێگیری چاودێری لەسەر رووباری دەربەند لە رانیە کردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەمساڵدا 5 حاڵەتی خنکان لە سنوورەکە تۆمارکراون.

بە مەبەستی پاراستنی گیانی گەشتیاران و بەهاناوەچوونیان لە حاڵەتە لەناکاوەکاندا، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بنکەیەکی جێگیری لەسەر ئاوی دەربەندی رانیە بەناوی "بنکەی پاراستنی رووباری دەربەند" کردەوە.

رائید عەلی قادر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی راپەڕین بە کوردستان24ی راگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە دەربەندی رانیە، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران سەردانی ناوچەکە دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان لەو ئاوەدا مەلە دەکەن و ژمارەی بەلەمە گەشتیارییەکانیش زیادیان کردووە، بۆیە بڕیاری کردنەوەی ئەم بنکە جێگیرە دراوە کە رۆژانە بەشێوەی 24 کاتژمێری چاودێری سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان دەکەن.

گوتەبێژی بەرگری شارستانی راپەڕین گوتیشی: "لە 24 کاتژمێری رابردوودا تیمەکانی ئەو بنکەیە لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە بینیویانە ئافرەتێک مەترسی لەسەر دروست بووە و توانیویانە فریای بکەون و لە خنکان رزگاری بکەن."

سەبارەت بە ستافی بنکەکە، روونیکردەوە کە 15 کارمەند بەسەر 3 تیمدا دابەشکراون و بە بەردەوامی چاودێری گەشتیاران دەکەن، بڕیاریشە بنکەی هاوشێوە لە چەند ناوچەیەکی دیکە بکرێتەوە.

لەبارەی ئامارەکانی خنکان لە سنوورەکە، رائید عەلی قادر ئاشکرای کرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 5 حاڵەتی خنکان لە سنووری راپەڕین تۆمارکراون. راشیگەیاند کە بەهۆی زۆری چەم و رووبارەکان، زۆرترین حاڵەتەکانی خنکان لە سنووری قەزای پشدەر تۆمارکراون.