ئێران دەیان کەشتیی بازرگانی خستە لیستی رەش

دەستەی بەڕێوەبردنی ئاوەکانی کەنداو لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، 45 کەشتیی نەوتهەڵگری بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز خستە لیستی رەش،  دەستەکە هۆشداری دا، ئەو پێشێلکارییانە جووڵەی دەریایی کەشتییەکان رووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، دەستەی بەرێوەبردنی کەنداو لە ئێران لە راگەیەندراوێکدا لە پلاتفۆڕمی 'ئێکس' رایگەیاند، ئەو کەشتیانەی پێشێلی یاساکان دەکەن رووبەڕووی سزای دارایی، دەستبەسەرداگرتن، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی بارەکانیش دەبنەوە.

ئەم هۆشدارییە لە وەڵامی ئەو هەڕەشانەدا دێت کە ئەمریکا کردبووی سەبارەت بە سەپاندنی سەختترین سزای ئابووری بەسەر ئێران، لە بەرامبەریشدا تاران رایگەیاند، وەڵامەکەیان بۆ هەر هەڕەشەیەکی نوێی ئەمریکا وێرانکەر دەبێت.

هەروەها ئەو کەشتیانەی خراونەتە لیستی رەش، پێکهاتوون لە کەشتیی گەورەی نەوتی خاو، کەشتیی گواستنەوەی گازی سروشتی شلکراو، گازی پیترۆڵی شل، بەرهەمە نەوتییە پاڵێوراوەکان و کەشتیی دیکەی هاوشێوە.

ئەو کۆمپانیایانەی خاوەنی بەشێک لەو کەشتییانەن، بریتین لە کۆمپانیای ئەدنۆکـی ئیماراتی بۆ خزمەتگوزاریی لۆجیستی و گواستنەوە، کۆمپانیای لاوەکیی ناڤیگێت تانگەرز و کۆمپانیای نیشتمانیی سعوودیە بۆ گواستنەوەی دەریایی.

دەستەی بەڕێوەبردنی کەنداو هۆشداری دا، هەر کەشتییەک بەشداری لە پڕۆسەی گواستنەوەی بار لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە لەگەڵ ئەو کەشتییانەدا بکات کە لە لیستەکەدان، ئەگەری هەیە ئەویش بکەوێتە ناو لیستی رەش.

دەستەکە داوای لە خاوەن بارەکان کردووە، پێش هەر پرۆسەیەکی تێپەڕبوون کە پەیوەندی بە ناوچەکەوە هەبێت، پێداچوونەوە بەو لیستە نوێکراوەی کەشتییە بێ مۆڵەتەکاندا بکەن، دەستەکە روونیکردەوە، ئەو کەشتییانەی دەیانەوێت ناویان لە لیستەکە بسڕدرێتەوە، پێویستە داواکارییەکی فەرمی لەگەڵ بەڵگە و روونکردنەوە پێویستەکان پێشکەش بە دەزگا دەریاییە تایبەتمەندەکانی ئێران بکەن.