رێکخراوی دەریایی: لە سەرەتای جەنگەوە 20 کەس لە گەرووی هورمز کوژراون
رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی ئاشکرای دەکات، لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا بەهۆی رووداو و پێکدادانەکانی دەوروبەری گەرووی هورمزەوە، 20 کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 60 رووداوی دەریایی لەو ناوچەیەدا تۆمارکراون.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشکرای کرد، بەهۆی ئەو پێکدادانانەی لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا لە دەوروبەری گەرووی هورمز روویانداوە، 20 کەس گیانیان لەدەست داوە، 35 کەس برینداربوون و یەک کەسیش بێسەروشوێنە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریایی، لەو ماوەیەدا 68 رووداو لە کەنداو و ئاوەکانی دەوروبەری تۆمارکراون، بە تێکڕا دەکاتە رووداوێک لە هەر دوو بۆ سێ رۆژ جارێکدا.
لە کۆی ئەو رووداوانە، نزیکەی نیوەیان نەوتهەڵگر بوون، 20%ـیان کەشتیی کۆنتێینەر و 15%ـی دیکەیان کەشتیی گواستنەوەی کاڵای وشک بوون.
هاوکات دەستەی پرۆسە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا 47 رووداوی وەک هێرش پۆلێن کردووە. کەشتییەکانی هەڵگری ئاڵای لایبیریا بە 13 رووداو، زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، دوای ئەوان کەشتییەکانی پەنەما و دوورگەکانی مارشاڵ بە 10 رووداو بۆ یەکێکیان دێن.
رێژەی رووداوەکان لە قۆناخە جیاوازەکانی جەنگدا گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. لە دەستپێکی جەنگ لە کۆتایی شوبات تاوەکو ناوەڕاستی حوزەیران، لەو کاتەی رێککەوتنێک بۆ دانانی چوارچێوەیەک بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی کراوە، بە تێکڕا لە هەر نزیکەی دوو رۆژ جارێک رووداوێک تۆمارکراوە.
ئەو رووداوانە بوونە هۆی کوژرانی 16 کەس و برینداربوونی 19 کەسی دیکە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای هورمز، لە کەناراوەکانی عێراق، ئێران، قەتەر، سعوودییە، عومان و ئیمارات.
لەگەڵ بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی ئاشتی تاوەکو نزیکەی 7ـی تەممووز، رێژەی رووداوەکان بۆ نیوە کەمیکرد و گەیشتە تێکڕای رووداوێک لە هەر چوار بۆ پێنج رۆژ جارێک. لەو ماوەیەدا هیچ هەواڵێک لەبارەی کوژران، برینداربوون یان بێسەروشوێنبوونی دەریاوانان رانەگەیەندراوە. چوار لەو پێنج رووداوەی لەو ماوەیەدا روویانداوە، لە نزیک کەناراوەکانی عومان و لە دەوری تەسکترین خاڵی گەرووەکە بوون.
لەو کاتەوەی گفتوگۆکان شکستیان هێناوە، رێژەی رووداوەکان بە نزیکەیی بۆ ئاستی پێش گفتوگۆکان گەڕاوەتەوە و بە تێکڕا لە هەر نزیکەی سێ رۆژ جارێک رووداوێک تۆمارکراوە. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانانەشدا چوار دەریاوان و کارمەند کوژراون، 16 کەس برینداربوون و یەک کەسیش بێسەروشوێنە.