فایەق زێدان و غولام حوسێن جەختیان لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنی و یاسایی کردەوە
ئاژانسی میزان کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی ئێرانە لە بارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەی فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق و غوڵام حوسێن موحسین ئێژەیی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بڵاویکردووەتەوە، هەردوولا جەختیان لە جێبەجێکردنی ناوەرۆکی رێککەوتنی ئەمنی و یاسایی کردووەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، زێدان و ئێژەیی هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە رووی ئەمنییەوە پەرەی سەندووە، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەی ئاسایشی هەردوو وڵات گرێدراوی یەکن، هەروەها جەختیان کردووەتەوە، پێویستە هەر جوڵەیەکی دژە ئەمنی لە سەر سنوورەکانی هەردوو وڵات یان لەلایەن بریکارە بیانییەکانەوە، بە خێرایی و بە بڕیار و بە هەماهەنگیی هەردوولا پووچەڵ بکرێتەوە.
لای خۆیەوە غولام حوسێن موحسین ئێژەیی ئاماژەی بە رێککەوتننامەی ئاڵوگۆڕی زیندانیان کردووە و رایگەیاندووە، ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەی لە نێوان ئێران و عێراق واژۆ کراوە، جەختی لەسەر دەکەینەوە بە تایبەت لە رادەستکردنەوەی سزادراوانی ئێرانی.
ئەمە لە کاتێکدایە، لەسەر بنەمای ئەو رێککەوتنە تەنیا لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە 131 سزادراوی ئێرانی لە زیندانەکانی عێراقەوە رادەستی دەسەڵاتی دادوەری ئێران کراونەتەوە.
لە بارەی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئابووری ئێران ئێژەیی سەپاندنی سزاکانی ئەم دواییەی ئەمریکای بە کردەیەکی "تیرۆریستی" دژ بە گەلی ئێران ناوبردووە و رایگەیاندووە، ئەمریکییەکان 47 ساڵە چەندان جۆر و شێوازی هەڕەشە دژی گەلی ئێران بەکار دەهێنن.
ئێران دەڵێت "رۆحی فیرعەونی سەرکردەکانی ئەمریکا بەردەوام نابێت و باجی تاوانەکانیان دژی گەلی ئێران و گەلانی دیکەی وەردەگرن."
بە گوێرەی راپۆرتی ئاژانسی میزان، فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەو دیدارەدا پشتیوانی خۆی بۆ گەلی ئێران دژ بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەربڕیوە و رایگەیاندووە "هەرگیز پشتیوانییەکانی ئێران بۆ عێراق چ لە ساڵی 2003 دا و چ لە شەڕی دژ بە تیرۆردا لەبیر ناکەین".
هەروەها سەپاندنی گەمارۆی ئابووریی بەسەر ئێراندا ئیدانە کردووە و جەختی لە جێبەجێکردنی هاوکارییە دادوەرییەکانی نێوان ئێران و عێراق کردووەتەوە.