قەتەر: پشتگیری هەوڵەکانی نێوەندگیری ئەمریکا و ئێران لەرێگەی دیپلۆماسیی دەکەین

ماجی ئەنساری: سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تاکلایەنەیە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ، سزاکانی ئەمریکای بۆ سەر ئێران بە تاکلایەنە وەسف کرد. جەختیشی لە بەردەوامیی هەوڵەکانی دەوحە کردەوە بۆ نێوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتن.

ماجید ئەنساری لە راگەیەندراوێکدا گوتی:  قەتەر لە ماوەی رابردوودا بەردەوام بووە لە پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکان بۆ کپ کردنەوەی گرژیی نێوان ئەمریکا و ئێران بە ئامانجی گەڕانەوە بۆ رێڕەوی دانوستاندن. ئەو بەرپرسە هۆشداری دا، هەر پەرەسەندنێک لێکەوتەی بۆ سەرانسەری ناوچەکە و جیهان دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر جەختی لە گرنگیی مسۆگەرکردنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورموز کردەوە و داوای گەڕاندنەوەی دۆخی ناوچەکەی کرد بۆ پێش قەیرانەکە، هاوکات روونیکردەوە، دەوحە پشتگیری لە هەوڵەکانی نێوەندگیری دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە بە رێگەی دیپلۆماسی و هەماهەنگیی تەواو لە نێوان وڵاتانی کەنداو هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سیناریۆ جیاوازەکانی پەرەسەندن.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، دوێنێ دووشەممە رایگەیاند، پرۆسەی گۆشەگیریی ئابووری دژی ئێران دەستی پێکردووە کە هەڵمەتێکی سزای بێ وێنەیە و دەزگاکانی حکوومەتی ئەمریکا دەگرێتەوە، بە گوتەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سزاکان تاران و هەر لایەنێکیش پشتیوانی لێ بکات ئامانج دەگرێت.

لە وەڵامی ئەو راپۆرتانەدا، وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، رایگەیاند، مامەڵەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دژایەتیی خۆی بۆ سزا تاکلایەنەکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران راگەیاند.