فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق داوای قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکات
لە یادی ئەنفالی بادینان، فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکاتەوە بە ماددی و مەعنەوەی.
ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەبۆنەی ساڵیادی ئەنفالی بادینان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، 38 ساڵ بەسەر تاوانی بەئازاری ئەنفالی بادینان، تێپەڕدەبێت، بە رێز و خەمێکی قووڵەوە یادی ئەنفالکراوانی بادینان و تەواوی کوردستان دەکەینەوە.
فراکسیۆنی پارتی رایگەیاندووە، ئەنفالی بادینان ئەو تاوانە مێژووییەی کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک لەلایەن رژێمی ئەو کاتی عێراق، هاووڵاتیان و شار و گوند و ناوچەکەیان بە چەکی قەدەغەکراو کرانە ئامانج.
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەخت لە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکاتەوە بە ماددی و مەعنەوی و سەرجەم قوربانییانی دەستی رژێمی پێشووی عێراق.
ئەنفالی بادینان کە لە 25ی ئابی 1988 دەستی پێکرد و 6ی ئەیلوولی هەمان ساڵ کۆتایی پێهات، بە درێژایی سنووری نێوان عێراق و تورکیا و قووڵایی ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆی ئێستا، دەڤەرەکەی گەمارۆدا و ئاواییەکانی بناری زنجیرە چیاکانی (گارە، مەتین، بێخێر، شیرین، پێرس) و گوندەکانی دەوروبەری رووبارەکانی خابوور و زێی گەورە کەوتنە بەر شاڵاوەکە.
بەپێی لەبەڵگەنامە فەرمییەکانی رژێمی بەعس لە پرۆسەی جینۆسایدکردنی بادینان کە فەیلەقی 5ی سوپای عێراق و یەکە سەربازییەکانی سەر بەو فەیلەقە و ژمارەیەک فەوجی دیکە بەشدار بوون، لە 76 ناوچە شاڵاوی ئەنفال بەردەوام بوو، نزیکەی 700 گوند لە سنووری شارۆچکەکانی (زاخۆ، شێخان، ئامێدی، ئاکرێ، سێمێل و قەزای ناوەندیی پارێزگای دهۆک) وێران کران.
بە گوێرەی بەڵگەنامەکان، لەو شاڵاوەدا 13 ھەزار و 553 کەس دەستگیر و بزر کران. جگە لە شەهید و برینداربوونی سەدان هاووڵاتی بەهۆی بۆمباران و کیمیابارانکردنی چەندین گوند ژمارەی قوربانیان بۆ 14 و 473 کەس بەرزبووەوە.
لەو ژمارەیە 3 ھەزار و 373 یان ئافرەت و 6 ھەزار و 964 یان منداڵ بوون. ھەروەھا ھەزار و 500 كەس بزر بوون و بەگشتیش 85 ھەزار هاووڵاتی لە گوند و زێدی خۆیان دەربەدەرکران و بەشێکیان ئاودیوی سنووری باکووری کوردستان و تورکیا بوون.