ترەمپ: ئێران ناتوانێت مووچەی بەشێکی زۆری سوپاکەی بدات
سەرۆکی ئەمریکا هێرشێکی توندی کردە سەر ئێران و رایگەیاند: تاران لە لێواری داڕماندایە و ناتوانێت مووچەی بەشێکی زۆری سوپاکەی دابین بکات. هاوکات ترەمپ داوای راگرتنی دەستبەجێی ئەو قەیرانە مرۆییە بێپێشینەیەی کرد کە لەو وڵاتەدا هەیە.
سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس)، نووسیویەتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران رووبەڕووی تەنگژە بووەتەوە، ناتوانێت مووچەی بەشێکی فراوانی سوپاکەی بدات.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، ئێران خۆپیشاندەران بە رێژەیەکی بێپێشینە دەکوژێت، تەنانەت لەو حاڵەتانەشدا کە هاووڵاتییان بەشداریی خۆپیشاندانەکان ناکەن، ئەمە قەیرانێکی مرۆیی گەورەیە و پێویستە دەستبەجێ کۆتایی پێ بهێنرێت.
لە لایەکی دیکەوە، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئیدارەی ترەمپ بژاردەی سەربازی دژی ئێران بەدوور نازانێت، تەنانەت لەگەڵ راگەیاندنی "هێرشێکی ئابووریی یەکلاکەرەوە" بۆ سەر تاران.
ئەم لێدوانانەی وەزیری جەنگ دوای ئەوە هات کە سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: واشنتن پلانێکی هەیە بۆ "خنکاندنی ئابووریی" ئێران، کە سزای لاوەکیش دەگرێتەوە بۆ سەر ئەو وڵاتانەی ئامادە نین هاوکاریی ئەمریکا بکەن لەو کەمپەینەدا.
گوتیشی:"ئامانجمان لە سەرانسەری جیهان بڕینی هەموو شادەمارێکی ئابوورییەکانی ئێرانە، تا ئەو کاتەی تاران بە تەواوی گۆشەگیر دەبێت."
لە بەرامبەردا، عەلی مەدەنیزادە، وەزیری ئابووریی ئێران لە رێگەی تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەیەوە وەڵامی دایەوە و رایگەیاند: "ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی سزاکانی ئەمریکا."
ئەم پەرەسەندنانە دوای نزیکەی شەش مانگ لە جەنگی نێوان واشنتن و تاران دێت کە گەیشتووەتە چەقبەستوویی، بە تایبەت بەهۆی پەککەوتنی گفتوگۆکانی ئاشتی و بەردەوامیی رێگرییەکانی ئێران لەبەردەم گەشتە دەریاییەکانی گەرووی هورمزدا.