ئۆجەلان پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە رێگەی شاندی ئیمراڵی پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو زانیاری، بەڵگەنامە و کۆنووسانەی لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی ئەوەوە بڵاودەکرێنەوە، دوورن لە راستییەوە و هەوڵی ئاژاوەگێڕانەن.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەسەر ئەو ئەرشیڤ و زانیارییانەی ئەم دواییەی لە میدیاکان بڵاوکراونەتەوە، روونکردنەوەی دا و رایگەیاند" ئیرادەی سیاسیی بەهێزی سەرۆککۆمار ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی، ئامادەیی بۆ بانگەوازەکەم سەبارەت بە دەستبەرداربوون لە خەباتی چەکداری، هەروەها ئەو پشتیوانییە مێژووییەی پارتییە سیاسییەکان کە بووە هۆی پەسەندکردنی یاسای 'بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی'، لەگەڵ ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی پەیوەندیدار، ئاماژەیەکی روونن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە هەنگاوی بڕوابەخۆوە بەرەو پێشەوە دەچێت. پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار."
ئۆجەلان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی پەکخستنی پرۆسەکە کردووە و دەڵێت " لە بەرهەمی ئەم قۆناخە مێژوویییەدا، هەوڵی هەندێک لایەن بۆ پەکخستنی پرۆسەکە، پیلانگێڕییە لە دژی من. ئەو دەربڕین، دیدار، ناو، بەڵگەنامە، کۆنووس و ئاماژانەی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و بۆ من دەگەڕێندرێنەوە، بە تەواوی دوورن لە راستییەوە. ئەم بڵاوکراوانە جووڵەی ئاژاوەگێڕانەی ئەو لایەنانەن کە دژی پرۆسەکەن."
لەکۆتایی پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە: "دیارە من هەوڵەکانم بۆ بنیادنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سەروەریی یاسای برایەتی زیاتر گەشە پێدەدەم. داوا لە هەموو لایەک و تەواوی توێژەکان دەکەم بە گیانی برایەتی، بە ئەقڵانییەت و بە هۆشیارییەوە هەڵسوکەوت بکەن."