ترەمپ: هێزی دەریایی ئەمریکا گەرووی هورمزی لە تەواوی مینەکان پاککردەوە

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، هێزی دەریاییی وڵاتەکەی سەرجەم ئەو مینە دەریایییانەی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی گەرووی هورمزدا چێنرابوون پاککردووەتەوە یان تەقاندوویەتییەوە. هاوکات هۆشدارییەکی توند ئاراستەی تاران دەکات کە هەر کەشتی یان بەلەمێکی ئێرانی هەوڵی چاندنی مینی نوێ بدات، بە شێوەیەکی سیستەماتیک و دەستبەجێ تێکدەشکێندرێت.

سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس)، دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی تایبەت بە دۆخی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و هەڵوێستی سەربازیی واشنتنی ئاشکرا کرد.

دۆناڵد ترەمپ لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: لە لایەن هێزی دەریاییی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ئاگادار کرامەوە کە سەرجەم مینە دەریایییەکان لەناو ئاوە نێودەوڵەتییەکانی گەرووی هورمزدا لادراون یان تەقێندراونەتەوە. ئێرانیش لەوە ئاگادار کراوەتەوە کە هەر کەشتی یان بەلەمێک هەوڵی دانانی مینی نوێ بدات، دەستبەجێ و بە شێوازێکی سیستەماتیک تێکدەشکێندرێت.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی سەربازی کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە و گوتی: لە رێگەی هێزی بۆشاییی ئاسمانیی ئەمریکاوە، چاودێریی بست بە بستی گەرووی هورمز دەکەین، وەک چۆن چاودێریی چیای 'پیکئاکس' و ئەو سێ پێگە ئەتۆمییەی دیکەی ئێران دەکەین کە پێشتر تێکشکێنراون.

ترەمپ جەختی کردەوە کە لەم ساتەوە سیاسەتی "نەرمی نەنواندن" لە بەرامبەر هەر هەوڵێکی دانانی مین لە گەرووی هورمزدا بە تەواوی چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، و هێزە دەریایییەکانی ئەمریکا رێگە بە هیچ هەڕەشەیەک نادەن لەبەردەم ئاسایشی کەشتیوانی و هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگر و بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندا.

هەر ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێکی کۆشکی سپی دووپاتی کردەوە کە هیچ دانوستان یان گفتوگۆیەکی ئێستا یان دیاریکراو لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا لە ئارادا نییە.

ئەو بەرپرسە راشیگەیاند کە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران "بە بەهێزی و کاریگەری بەردەوامە". ئاماژەی بەوەش کرد، گەرووی هورمز لەبەردەم گەشتە دەریاییەکاندا کراوەیە و سەرجەم ئەو مینە دەریاییانەی لەو ناوچەیەدا چێندرابوون، پووچەڵ کراونەتەوە.