چین هەڕەشەی وەڵامدانەوەی ئۆپەراسیۆنی ئابووریی ئەمریکا دژی ئێران دەکات

حکوومەتی چین هۆشداریی توندی دایە واشنتن لە فراوانکردنی سزاکانی سەر ئێران بۆ سەر کۆمپانیا و بانکە چینییەکان و رایگەیاند، بەیژینگ "تەواوی رێکارە پێویستەکان" بۆ وەڵامدانەوە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەگرێتەبەر. ئەم ئاڵۆزییە نوێیە تەنیا یەک مانگ پێش بەڕێوەچوونی لووتکەی چاوەڕوانکراوی نێوان دۆناڵد ترەمپ و شی جینپینگ دێت، کە هەڕەشە لە ئاگربەستی بازرگانیی نێوان هەردوو زلهێزەکە دەکات.

سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، رۆژنامەی فاینانشناڵ تایمزی بەریتانی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، لە دوای راگەیاندنی "ئۆپەراسیۆنی دەرکراوی ئابووری" لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە دژ بە ئێران، گرژییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی نێوان بەیژینگ و واشنتن روویان لە هەڵکشان کردووە.

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی چین لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەکەی رایگەیاند: چین بە توندی دژایەتیی هەر سزایەکی تاکلایەنانە و نایاسایی دەکات کە هیچ بنەمایەکی لە یاسا نێودەوڵەتییەکان یان بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا نەبێت. بەیژینگ تەواوی رێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی دەگرێتەبەر، و ئێستاش ئەرکی سەرەکی ئەوەیە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕبکرێنەوە و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان.

بەپێی راپۆرتەکە، سەپاندنی سزای قورس بەسەر بانک و کۆمپانیا گەورەکانی چین کە کڕیاری 90%ـی نەوتی ئێرانن، دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەیژینگ، ئەوەش لە کاتێکدا بڕیارە مانگی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە واشنتن کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی درێژکردنەوەی ئاگربەستی شەڕی بازرگانیی نێوانیان کە ساڵی رابردوو لەسەری رێککەوتبوون.

شارەزایانی ئابووری لە چین ئاماژە بەوە دەکەن، بەیژینگ خاوەنی چەندین کارتی بەهێزە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکا، لەوانە سنووردارکردنی هەناردەکردنی کانزا دەگمەن و هەستیارەکان کە پیشەسازیی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو و بەرهەمهێنانی کارگەکانی ئەمریکا بەتەواوی پەکدەخات، وەک ئەوەی لە قۆناخەکانی پێشووی شەڕی بازرگانیدا روویدا.

هەروەها سەرەڕای پابەندبوونی کۆمپانیا دەوڵەتییەکانی چین بە سزاکان، بەیژینگ رێگەی داوە بە پاڵاوگە تایبەتە بچووکەکان نەوتی ئێران بکڕن و فەرمانی پێکردوون پابەندی سزاکانی واشنتن نەبن.

لە لایەکی دیکەوە، ژو فێنگ، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی نانجینگ روونیکردەوە، "چین نایەوێت تێوەبگلێت لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، بەڵام هاوکات زۆر نیگەرانە لە درێژەکێشانی کێشەی گەرووی هورمز، چونکە زۆربەی هاوردەی نەوتی چین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لە سعوودیە و عێراقەوە دێت نەک تەنیا ئێران."

بۆ ئەم مەبەستەش، سەرکردایەتیی چین زنجیرەیەک دیداری دیپلۆماسیی لەگەڵ شای ئوردن و وەزیری دەرەوەی کوەیت ئەنجامداوە بە مەبەستی گەیاندنی پەیام بە تاران بۆ هێورکردنەوەی دۆخی گەرووی هورمز و بەردەوامیدان بە دانوستانەکانی ئاشتی.