نێچیرڤان بارزانی: دەرهێنانی سووریا لە لیستی تیرۆر هەنگاوێکی گرنگە

سەرۆکی هەرێم، پێشوازی لە بڕیارەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکرێت بۆ دەرهێنانی ناوی سووریا لە لیستی ئەو وڵاتانەی پاڵپشتی لە تیرۆر دەکەن، هاوکات جەخت لەوە دەکرێتەوە کە ئەم هەنگاوە دەرفەتێکی نوێیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا، پێشوازی لە بڕیاری ئیدارەی ئەمریکا کرد بە دەرهێنانی ناوی کۆماری عەرەبیی سووریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر و ئاماژە بەوە کردووە "ئەم بڕیارە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پشتیوانیکردن لە بوژانەوە، سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی سووریا، هەروەها رێگە خۆش دەکات بۆ بەهێزکردنی گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ گێڕانی رۆڵی سروشتیی خۆی لە ناوچەکە و جیهاندا."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە "ئومێدەوارین ئەم هەنگاوە ئەرێنییە بێتە هۆی بنیادنانی ئایندەیەکی ئارام کە تێیدا مافی تەواوی پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا بپارێزرێت."

سەرۆکی هەرێم جەخت لەوە کردووەتەوە، ئەم بڕیارەی ئەمریکا ئاسۆیەکی بەرفراوانتر دەکاتەوە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی فراوانکردنی ئاستی هاوکارییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ناوچەکە بگەێنێت.