زەیدی: پاراستنی دەنگی هاووڵاتییان پاراستنی داهاتووی خۆیانە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکاندا، رێنماییدا بە بەکارهێنانی "کارتی نیشتمانی" لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی وڵاتدا بە مەبەستی ئاسانکاریی لە دەنگدان و پاراستنی شەفافییەت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بەڕێوەبەری گشتیی باری شارستانی، پاسپۆرت و نشینگە، ژمارەیەک لە ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تێیدا بەشدار بوون.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا ستایشی کارەکانی کۆمیسیۆنی کرد لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی پێشوودا و تیشکی خستە سەر ئەو شەفافییەت و لێهاتووییە بەرزەی کە تێیدا بە دی دەکرا، هاوکات داوای بەردەوامبوونی کارەکانی کرد بە هەمان گوڕوتینەوە بۆ ئامادەکاریی پێشوەختە لە پێناو هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

هاوکات زەیدی جەختی لەوە کردەوە، کە پاراستنی دەنگی هاووڵاتییان پاراستنی داهاتوویانە و، هەرکەسێک خاوەنی دەنگی خۆی بێت خاوەنی داهاتووی خۆیەتی

جارێکی دیکە جەختی لەسەر پێویستیی دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکان کردەوە کە مافی دەنگدانی هاووڵاتییان بە ئاسانی و شەفافییەت مسۆگەر دەکات.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، عەلی زەیدی، رێنماییدا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا پشت بە "کارتی نیشتمانی" ببەسترێت، لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتی ناوخۆی راسپارد بۆ دابینکردنی سەرجەم زانیاری و داتاکانی پێویست بە مەبەستی ئاسانکاریی بۆ کارەکانی کۆمیسیۆن و تەواوکردنی رێکارەکانی ئەو بڕیارە.

زەیدی گوتی: بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، دەبێتە هۆی ئاسانکاریی دەنگدان بۆ هاووڵاتییان و وردیی زانیارییەکان زیاتر دەکات.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەنگاو و میکانیزمە پێویستەکان بۆ تەواوکردنی سەرجەم پێداویستییە تەکنیکی و کارگێڕییەکان بە مەبەستی پشت بەستن بە کارتی نیشتمانی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا تاوتوێ کران، هاوکات هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و کۆمیسیۆن خرایە بەر باس بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئامادەکارییەکان لە کات و ساتی دیاریکراودا.