وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پاراستنی سەلامەتیی کارمەندان و خێزانەکانیان لەپێشینەی سەرەکیی کارەکانمانە
لە وەڵامی پرسیارێکی کوردستان24دا، گوتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە کە بەپێی دوایین هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکان، ژمارەی کارمەند و دیپلۆماتکارانی خۆی لە چەندین نێردەی دیپلۆماسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە عێراق رێکدەخاتەوە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی واشنتن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دیپلۆماتکارانەی کە لە کاتی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە کشێنرابوونەوە.
سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، گوتەبێژێک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی ماڵپەری کوردستان24، سەرنجی خستە سەر پرۆسەی پێداچوونەوە بە دۆخی ئەمنی و گەڕانەوەی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا بۆ باڵیۆزخانەکانی ناوچەکە.
گوتەبێژەکە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانەکەیدا رایگەیاند: وەزارەتی دەرەوە بە شێوەیەکی بەردەوام پێداچوونەوە بە دۆخی ئەمنیی نێردە دیپلۆماسییەکانمان لە سەرتاسەری جیهاندا دەکات. لەسەر بنەمای دوایین هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکانمان، ئێستا خەریکی رێکخستنەوەی ژمارەی کارمەندانین لە هەندێک لە نێردە دیپلۆماسییەکانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی دەتوانین بەردەوام بین لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدا سەلامەتی و ئاسایشی کارمەندەکانمان پارێزراو دەبێت."
دووپاتیشی کردەوە: "وەک هەمیشە، تەواوی بڕیارەکانی پەیوەست بە کشانەوە یان گەڕانەوەی کارمەندان، لەسەر بنەمای گۆڕانکارییەکانی دۆخی ئەمنی دەدرێن و پاراستنی سەلامەتیی کارمەندان و خێزانەکانیان لەپێشینەی سەرەکیی کارەکانمانە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەپێی بەڵگەنامەیەکی ناوخۆییی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لەلایەن رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوکراوەتەوە، واشنتن لەم هەفتەیەوە دەست دەکات بە کەمکردنەوەی رێکارە نائاسایییەکان و گەڕاندنەوەی پلەبەندیی دیپلۆماتکاران بۆ باڵیۆزخانەکانی لە وڵاتانی عێراق، لوبنان، ئیسرائیل، سعوودیە، قەتەر، ئوردن، عومان، کوێت و بەحرێن.
بەپێی بەڵگەنامەکە، رێژەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکان بە چەند قۆناخێک رێکدەخرێتەوە:
عێراق، کوێت و بەحرێن: لە قۆناخی سەرەتاییدا رێژەی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەگاتە 75%ـی توانای تەواوەتیی خۆی.
سعوودیە، ئیمارات، قەتەر و لوبنان: رێژەی کارمەندان بۆ 85% بەرز دەکرێتەوە.
ئیسرائیل، ئوردن و عومان: تەواوی کارمەند و دیپلۆماتکارەکان بە رێژەی 100% دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
کەمکردنەوەی ژمارەی دیپلۆماتکارانی ئەمریکا لە مانگی شوباتی رابردووەوە دەستی پێکردبوو، کاتێک واشنتن بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لەگەڵ ئێران رێگەی بە کارمەندانی ناپێویست و خێزانەکانیان دا ناوچەکە جێبهێڵن.