ئەردۆغان: کاتێک پرۆسەی ئاشتی دەگاتە ئامانج ئاشتی و برایەتی سەردەکەوێت
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، کاتێک پرۆسەی ئاشتی دەگاتە ئامانجی خۆی، ئاشتی، برایەتی و تەواوی گەلی تورکیا بە 86 ملیۆن هاووڵاتییەوە براوە دەبن.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 955ەمین ساڵیادی سەرکەوتنی جەنگی ملازگرد لە شارۆچکەی ئەخلات لە پارێزگای بەدلیس گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا پەیامی گرنگی لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەکان دا و گوتی "هاوشانی بەهێزبوونی برایەتی، ئابووری و خۆشگوزەرانیش بەهێزتر دەبێت و بەرگریی ناوخۆیی زیاتر دەبێت، گوتیشی "دەوروبەرمان بە تایبەتی سووریا و عێراق، دەگەنە ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی کە ساڵانێکە ئاواتی بۆ دەخوازن."
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی کردەوە لەوەی تەواوی گەلانی برا لە ناوچەکەدا لەگەڵ تورکیا براوە دەبن و گوتی "دەزانین ئەمە کێ بێزار دەکات و کێ نیگەران دەکات. بەوانە دەڵێین؛ چی دەکەن بایکەن ناتوانن لە ڕێگەکەمان بمانگێڕنەوە. ناتوانن رێگری لە ئامێزگرتنی برایەتی تورک، کورد و عەرەب بکەن."
لەبارەی هەوڵەکانی دژبەرانی پرۆسەکەوە، ئەردۆغان رایگەیاند "دەزانین لە ناو چ پلانێکدان و چ یارییەک دەکەن. ئێمە زۆر بە باشی ئەو دەستە چەپەڵانە دەناسین کە درێژ دەکرێن بۆ نیشتمان، گەل، برایەتی، ئیمان و ئارامیی ناوچەکەمان. ئەگەر هەموو کەسێک حسابی خۆی هەبێت، بێگومان ئێمەش حساب و پلانی خۆمان هەیە، لە هەموو ئەوانەش گرنگتر، خودای گەورەش پلانی خۆی هەیە و لە کۆتاییدا ئەو حسابە سەرکەوتوو دەبێت."
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی کردەوە کە بازرگانانی خوێن و ئەو کەسانەی سوود لە شەڕ و ئاڵۆزییەکان دەبینن دەدۆڕێن، هەروەها ئەو کۆمەڵکوژانەی دەیانەوێت جوگرافیاکە بخەنە ناو ناسەقامگیرییەوە بدۆڕێن و ئاماژەی بەوەدا "لایەنی مرۆڤایەتی، برایەتی، ئاشتی و سەقامگیری براوە دەبێت، گەلی تورکیا بە 86 ملیۆن هاووڵاتییەوە براوە دەبێت. با هیچ کەسێک گومانی نەبێت، بەیانی تورکیای گەورە و بەهێز هەڵهاتووە و بونیادنانی 'سەدەی تورکیا' دەستی پێکردووە.