ئێران و عومان پێشنیازی دروستکردنی رێڕەوێکی کاتی لە گەرووی هورمز دەکەن
تاران و مەسقەت پێشنیازێکی هاوبەشیان بۆ دروستکردنی رێڕەوێکی کاتیی بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز ئاشکرا کرد، ئەمەش وەک هەنگاوێکی گواستنەوەی کاتی بۆ چارەکردنی کاریگەرییەکانی جەنگی ئەم دواییە و پاککردنەوەی ناوچەکە لە مینە دەریاییەکان.
سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، ، ئاژانسی هەواڵی عومانی بڵاوی کردەوە، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتووەتە تاران و لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، زنجیرەیەک گفتوگۆی بنیاتنەر و بەرهەمداری ئەنجامداوە.
بە پێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، گفتوگۆکان زیاتر چڕ بوونەتەوە لەسەر ئەو گرنگییەی هەردوو وڵات دەیدەن بە دەستپێکردنەوەی گەشتە دەریاییە ئارامەکان لە رێگەی گەرووی هورمزەوە، بە شێوەیەک کە سەروەری و مافە نیشتمانییەکانی هەردوولا بپارێزرێت.
هەردوو وەزیر تاوتوێی چوارچێوەیەکی کاتییان کرد کە زەمینەیەکی پراکتیکی و شیاوی جێبەجێکردن دابین دەکات، بە تایبەت لە ژێر رۆشنایی دۆخی ئێستای گەرووەکەدا کە بەهۆی جەنگی ئەم دواییە و لێکەوتەکانیەوە دروست بووە.
ئاژانسی هەواڵی عومانی، ئاماژەی بەوە کردووە، چوارچێوە پێشنیازکراوەکە بریتییە لە دروستکردنی رێڕەوێکی کاتیی گەشتکردنی دەریایی هاوبەش لە گەرووی هورمز، لەگەڵ رێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی هاوبەش بۆ پاککردنەوەی گەرووەکە لە مینە دەریاییەکان.
ئاژانسەکە روونیشی کردەوە، دانوستانە تەکنیکییەکانی نێوان هەردوولا بەردەوام دەبن بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر دروستکردنی رێڕەوێکی دەریایی هەمیشەیی و رێکخستنی شێوازی بەڕێوەبردنی گەرووەکە لە داهاتوودا، لەگەڵ دانانی میکانیزمێک بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری، بەڕێوەبردنی هاتوچۆی دەریایی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە دەریایی و ئەمنییە پێوەستەکان.
هاوکات هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی ئەنجامدانی گفتوگۆی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دیکەی دەوروبەری کەنداو کردووەتەوە و، پابەندبوونی خۆیان بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتانی کەناراوەکە دووپات کردووەتەوە.
لای خۆیەوە بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، گفتوگۆکانی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە بونیاتنەر وەسف کرد و هیوای خواست کە بەمزووانە دروستکردنی ڕێڕەوێکی کاتی لە گەرووی هورمز و رێکارەکانی گەڕانەوەی کەشتیوانی ڕابگەیەنرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، پرسی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز لە داهاتوودا چارە دەکرێت و لە کاتی گونجاودا دەگەنە چارەیەکی هەمیشەیی، بە گوێرەی ماددەی ٥ لە یاداشتنامەی ئیسلامئاباد.
وەزیری دەرەوەی عومان گوتیشی: "بە مەبەستی پشتگیریکردنی ئاشتی، هاوکاری، سەقامگیری و ئازادیی کەشتیوانی، زنجیرەیەک گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ هاوبەشە ناوچەییەکاندا ئەنجام دەدرێت".