بەقایی: هیچ حکوومەتێکی خاوەن سەروەری ملکەچی ئەمریکا نابێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رەخنەی توندی لە جەنگی ئابووریی ئەمریکا دژ بە وڵاتەکەی گرت و رایگەیاند: پێشێلکارییەکانی واشنتن تەنیا بۆ سەر تاران نییە، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر سەروەریی سەرجەم وڵاتان و یاسا نێودەوڵەتییەکان.

سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، نووسیویەتی: "ئەمریکا رایگەیاندووە کە رۆژی یەکلاکردنەوەی ئابووریی ئێران هاتووە؛ ئەوانەی دەیانەوێت بێ مەرج رادەست و ملکەچی ئەم رێکارە نایاساییە بن، رەنگە بڵێن کێشە نییە، بەڵام بوەستن، لە ڕاستیدا لەم بابەتەدا کێشەیەکی گەورە هەیە."

گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "کاتێک هێزێکی داگیرکەر رایدەگەیەنێت کە دەبێت سەرجەم بانکەکان، دامەزراوە ئابوورییەکان، بەندەرەکان، فڕۆکەخانەکان و حکوومەتەکان لە نێوان گوێڕایەڵی بۆ ویستەکانی واشنتن یان رووبەڕووبوونەوەی تۆڵەی ئەمریکادا یەکێکیان هەڵبژێرن، ئیتر بابەتەکە تەنیا پەیوەست نییە بە ئێرانەوە."

بەقایی روونیشی کردووەتەوە، ئەم دۆخە هەڕەشەیە بۆ سەر بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تایبەت پرسی یەکسانی لە سەروەریی وڵاتان و مافی گەلان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا. 

هاوکات دەڵێت: "هیچ حکوومەتێکی خاوەن شکۆ کە سەروەری و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی بە لاوە گرنگ بێت، ناتوانێت ئاساییکردنەوەی ئەم پێشێلکارییە زەقەی یاساییەی ئەمریکا قبووڵ بکات".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بە دۆخی کەنەدا کردووە و نووسیویەتی: "بێگومان کەنەدا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هێدی هێدی لە ژێر پەردەی دانوستاندا، خەریکە تامی راستەقینەی ئەم سیاسەتە خۆسەپێنییەی ئەمریکا دەکات."