پزیشکیان: ئەمریکا بەهۆی شکستی سوپاکەیەوە پەنای بۆ جەنگی ئابووری بردووە
سەرۆککۆماری ئێران دووپاتی کردەوە، واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نوێ لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە نیشانەی لاوازی یان ترس نەبووە، بەڵکو بڕیارێک بووە لەسەر بنەمای لۆژیک و هۆشیاری بۆ بەرژەوەندیی گشتی.
سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک گەنجی بەهرەمەنددا، گوتی: "تەبایی و یەکڕیزی مەرجی سەرەکین بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی گەشەپێدانی وڵات و پێویستە هەموومان پێکەوە دەست لەناو دەست بێت بۆ مەبەستی ئاوەدانکردنەوەی نیشتمانەکەمان."
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "دروستکردنی دووبەرەکی و ناکۆکی لە ئامانجە سەرەکییەکانی دوژمنانی وڵاتە، شێوازی جەنگەکان ئێستا گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، دوژمنان درکیان بەوە کردووە کە ناتوانن لە ڕێگەی سەربازییەوە گەلی ئێران کۆنترۆڵ یان تێکبشکێنن، بۆیە سەرنجیان خستووەتە سەر بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و ناڕەزایەتییە ئابوورییەکان بە مەبەستی پەلکێشکردنی ئێران بەرەو پشێوی."
پزیشکیان جەختی لەوە کردەوە، کە هەوڵەکانی ئەو و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی ئێران چڕبووەتەوە لەسەر پاراستنی یەکڕیزی و هاودەنگی.
گوتیشی: بەکارهێنانی فشاری ئابووری یەکێکە لە ستراتیژییەکانی ئەمریکا و دوژمنان بۆ ناچارکردنی ئێران بە خۆڕادەستکردن.
سەرۆککۆماری ئێران، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، "دوژمنان وایان لێکدابووەوە کە دەتوانن لە رێگەی دروستکردنی پشێوی لە کانوونی دووەمی 2026 و هێرشی چەند رۆژەی بەرفراوانەوە وڵات بەرەو داڕمان ببەن، بەڵام یەکڕیزیی کۆمەڵگە رێگەی نەدا ئەوە بەدی بێت."
سەبارەت بە واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆکی سێ دەسەڵاتەکە، پزیشکیان روونی کردەوە، بڕیارەکە بە تێکڕای دەنگ و لەسەر بنەمای ژیری بە کۆمەڵ و پاراستنی بنەماکانی سەروەری و بەرژەوەندیی نیشتمانی بووە، نەک لەبەر ترس لە هیچ هێزێکی دەرەکی، چونکە بە گوتەی ئەو، ئەو کەسانەی بڕیارەکەیان داوە پێشتر جەنگیان بەڕێوەبردووە و لە بەرامبەر گەورەترین هێزە ئەتۆمییەکانی جیهاندا وەستاونەتەوە.