بەنگلادیش تاوتوێی بەشداریکردن لە هاوپەیمانی مەککە دەکات
وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی بەنگلادیش رایگەیاند، داکا پایتەختی وڵاتەکە بە ئەرێنی لە داوەتنامەی بەشداریکردن لە هاوپەیمانی بەرگریی هاوبەشی "مەککە" دەڕوانێت کە لە نێوان سعوودیە، تورکیا و پاکستان واژۆ کراوە، و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری چوونە ناو ئەم هاوپەیمانێتییە سەربازییە دەکات.
سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حکوومەتی نوێی ئەو وڵاتە لە لایەن سعوودیەوە بانگهێشت کراوە تاوەکو پەیوەست بێت بە نوێترین هاوپەیمانیی ئەمنی و بەرگریی وڵاتانی ئیسلامی لە ناوچەکەدا.
هومایۆن کەبیر، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی بەنگلادیش لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند: "ئەگەر رێکخستنێکی ئەمنی لە نێوان وڵاتانی ئیسلامیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت، بۆ ئێمە نامۆ نییە کە بیر لە بەشداریکردن تێیدا بکەینەوە، ئێمە بە ئەرێنی لەم بابەتە دەڕوانین. سەرکردایەتیی سعوودیە بانگهێشتی سەرکردایەتیی بەنگلادیش و بەتایبەت تاریق رەحمان، سەرۆکوەزیرانی کردووە بۆ بەشداریکردن لەم پەیمانەدا."
پەیماننامەی بەرگریی هاوبەشی مەککە کە لەم مانگەدا لەلایەن سعوودیە، تورکیا و پاکستانەوە واژۆ کرا، لەسەر بنەمای "بەرگریی بەکۆمەڵ"ی هاوشێوەی هاوپەیمانی ناتۆ دامەزراوە، کە تێیدا هاتووە هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر یەکێک لە وڵاتانی ئەندام، وەک هێرش بۆ سەر تەواوی هاوپەیمانێتییەکە هەژمار دەکرێت. تورکیا رایگەیاندووە دەرگای ئەم هاوپەیمانییە بەرگرییە بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ ئەندامێتیی وڵاتانی دیکە.
بەشداریکردنی بەنگلادیش لە هاوپەیمانێتییەک کە رکابەرە مێژوویییەکەی پاکستانی تێدایە، نیگەرانیی قووڵی نیودەلهی لێدەکەوێتەوە، بەشێوەیەک پەیوەندییەکانی نێوان داکا و نیودەلهی گرژیی تێدایە دوای ئەوەی بەنگلادیش هێزەکانی هیندستانی تۆمەتبار کرد بە پاڵنانی بەزۆری خەڵک بۆ ناو خاکی وڵاتەکەی؛ هەروەها داکا داوای رادەستکردنەوەی شێخ حەسینە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەنگلادیش دەکات کە لە دوای راپەڕینە جەماوەرییەکەی مانگی ئابەوە لە هیندستان نیشتەجێیە.
شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جەخت دەکەنەوە کە پەیوەستبوون بە هاوپەیمانێتییەکی سەربازییەوە، سیاسەتی بێلایەنیی درێژخایەنی بەنگلادیش دەخاتە مەترسییەوە، بەتایبەت کە ئابووریی داکا بە تەواوەتی پشت بە هەناردەکردنی جلوبەرگی ئامادەکراو بۆ ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا و حەواڵەی داراییی کرێکارانی لە وڵاتانی کەنداو دەبەستێت.