میدیاکان: بەڕێوەبەری دەزگای سی ئای ئەی گەیشتە مۆسکۆ
بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆی هەستیار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە.
سێشەممە، 25ی ئابی 2026، دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا بۆ تۆڕی هەواڵی (CBS) و پێگەی ئاکسیۆس ئاشکرایان کرد کە جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری CIA یەکەمین سەردانی خۆی لە دوای دەستبەکاربوونی بۆ مۆسکۆ ئەنجام دەدات.
ئەم سەردانەی جۆن راتکلیف بە گرنگترین و بەرزترین ئاستی پەیوەندیی دیپلۆماسی و هەواڵگریی راستەوخۆی نێوان واشنتن و مۆسکۆ دادەنرێت لە دوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە. ئامانجی سەردانەکە تاوتوێکردنی دۆسیە ئەمنی، سەربازی و هەواڵگرییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو زلهێزەکەیە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە میدیاکانی ئەمریکای راگەیاند، پێش دەستپێکردنی گەشتەکەی بەڕێوەبەری CIA، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی کیێڤی لە چوون و گەیشتنی شاندێکی باڵای ئەمریکی بۆ مۆسکۆ ئاگادار کردووەتەوە، و داوای لە سەرکردایەتیی ئۆکرانیا کردووە کە تەواوی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی بۆ سەر خاکی رووسیا رابگرێت تا ئەو کاتەی شاندەکەی ئەمریکا مۆسکۆ جێدەهێڵن.
بەپێی زانیارییەکان، جۆن راتکلیف رۆژی یەکشەممە واشنتنی بەجێهێشتووە و بە فڕۆکەیەکی حکوومەتی ئەمریکا گەیشتووەتە شاری ریگای پایتەختی لاتیڤیا؛ دواتریش رۆژی سێشەممە بە فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازیی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە جۆری (C-17) لە ریگاوە بەرەو مۆسکۆ گەشتی کردووە.