مەزڵووم عەبدی: ئەرکی هەسەدە کۆتاییهات

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی و هەڵوەشاندنەوەی وەک پێکهاتەیەکی سەربازیی سەربەخۆ راگەیاند، هاوکات دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی لە سەنگەرەکانی شەڕەوە بەرەو ئاشتی، ئاوەدانکردنەوە و مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەییەکان راگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند: ئەمڕۆ بەوپەڕی بەرپرسیارییەتییەوە، کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هەڵوەشاندنەوەی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ رادەگەیەنین؛ دەمانەوێت ئەمڕۆ ببێتە دەستپێکی گواستنەوەیەکی راستەقینە لە گۆڕەپانی شەڕەوە بۆ گۆڕەپانی بنیاتنان، لە سەردەمی چەکەوە بۆ سەردەمی ئاشتی، و لە قۆناخی بەرگریکردن لە سووریاوە بۆ قۆناخی بنیاتنانی وڵات.»

فەرماندەی هەسەدە بە رێزەوە یادی قوربانیدانی شەهیدانی بەرز راگرت و ئاماژەی بەوە کرد کە شەڕڤانان بۆ خودی شەڕ نەجەنگاون، بەڵکو لەپێناو هاتنی رۆژێکدا بووە کە چیتر هیچ سوورییەک پێویستی بە هەڵگرتنی چەک نەبێت.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، مەزڵووم عەبدی تیشکی خستە سەر دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکە و جەختی لەوە کردەوە کە مافی خوێندن بە زمانی دایک (زمانی کوردی) یەکێکە لە مافە بنەڕەتییە دەستەبەرکراوەکان، هەروەها هەوڵەکان دەخرێنە گەڕ بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە لە ساڵی نوێدا بەتەواوی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ببێتە بنەمایەک بۆ قۆناخەکانی داهاتوو.

مەزڵووم عەبدی پەیامێکی ئاراستەی تەواوی پێکهاتەکانی وڵات، لەوانە کورد، عەرەب، سریانی، ئاشووری و تورکمان کرد و دووپاتی کردەوە: سووریا وڵاتی هەمووانە؛ هەروەک چۆن لە رابردوودا پێکەوە پاراستمان و قوربانیمان بۆ دا، بە هەمان گیانی هاوبەشی و پێکەوەیی داهاتوویەکی ئازاد، ڕووناک و پڕ لە ئاشتی بۆ بنیات دەنێین.

 

مێژووی دامەزراندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2015ـدا دامەزرا. مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکە بوو.

ئامانجی سەرەکی دامەزراندنی هەسەدە، رووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بوو لە ناوچەکەدا، هەروەها پاراستنی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بوو لە هەڕەشە جیاوازەکان.

هێزەکە لە هاوپەیمانییەکی فرە پێکهاتە پێکهاتبوو، کە دیارترینیان بریتی بوون لە؛ یەکینەکانی پاراستنی گەل  (YPG)، یەکینەکانی پاراستنی ژن (YPJ)، هێزەکانی سەنادید و چەندین هێزی دیکەی ناوچەکە.

 

گەورەترین جەنگ و ئۆپەراسیۆنەکان:

-رزگارکردنی شارۆچکەی "هۆل" لە کۆتایی ساڵی 2015ـدا.

-ئۆپەراسیۆنە مێژووییەکانی رزگارکردنی هەردوو پارێزگای رەققە و دێرەزوور لە دەستی داعش.

-کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی جوگرافیی رێکخراوی داعش لە مانگی ئاداری ساڵی 2019ـدا لە ناوچەی باخۆز.