مەزڵووم عەبدی: ئەرکی هەسەدە کۆتاییهات
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی و هەڵوەشاندنەوەی وەک پێکهاتەیەکی سەربازیی سەربەخۆ راگەیاند، هاوکات دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی لە سەنگەرەکانی شەڕەوە بەرەو ئاشتی، ئاوەدانکردنەوە و مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەییەکان راگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، مەزڵووم عەبدی رایگەیاند: ئەمڕۆ بەوپەڕی بەرپرسیارییەتییەوە، کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هەڵوەشاندنەوەی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ رادەگەیەنین؛ دەمانەوێت ئەمڕۆ ببێتە دەستپێکی گواستنەوەیەکی راستەقینە لە گۆڕەپانی شەڕەوە بۆ گۆڕەپانی بنیاتنان، لە سەردەمی چەکەوە بۆ سەردەمی ئاشتی، و لە قۆناخی بەرگریکردن لە سووریاوە بۆ قۆناخی بنیاتنانی وڵات.»
فەرماندەی هەسەدە بە رێزەوە یادی قوربانیدانی شەهیدانی بەرز راگرت و ئاماژەی بەوە کرد کە شەڕڤانان بۆ خودی شەڕ نەجەنگاون، بەڵکو لەپێناو هاتنی رۆژێکدا بووە کە چیتر هیچ سوورییەک پێویستی بە هەڵگرتنی چەک نەبێت.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، مەزڵووم عەبدی تیشکی خستە سەر دەستەبەرکردنی مافە رەواکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکە و جەختی لەوە کردەوە کە مافی خوێندن بە زمانی دایک (زمانی کوردی) یەکێکە لە مافە بنەڕەتییە دەستەبەرکراوەکان، هەروەها هەوڵەکان دەخرێنە گەڕ بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە لە ساڵی نوێدا بەتەواوی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ببێتە بنەمایەک بۆ قۆناخەکانی داهاتوو.
مەزڵووم عەبدی پەیامێکی ئاراستەی تەواوی پێکهاتەکانی وڵات، لەوانە کورد، عەرەب، سریانی، ئاشووری و تورکمان کرد و دووپاتی کردەوە: سووریا وڵاتی هەمووانە؛ هەروەک چۆن لە رابردوودا پێکەوە پاراستمان و قوربانیمان بۆ دا، بە هەمان گیانی هاوبەشی و پێکەوەیی داهاتوویەکی ئازاد، ڕووناک و پڕ لە ئاشتی بۆ بنیات دەنێین.