بێسێنت: سەرکردەکانی ئێران بە ئاشکرا دان بە داڕمانی ئابووریی وڵاتەکەیاندا دەنێن

وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران کاریگەریی تەواویان هەبووە و سەرکردەکانی تاران بە ئاشکرا دان بە داڕمانی دۆخی ئابووری و نەتوانینی بەرگەگرتنی وڵاتەکەیاندا دەنێن.

سێشەممە 25ـی ئابی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاشکرای کرد، سەرکردایەتیی ئێران ئێستا دان بەوەدا دەنێن کە تەواوی جیهان دەیبینێت، ئەویش ئەوەیە کە گوشار و سزاکانی واشنتن بە تەواوی کار دەکەن و ئەنجامیان هەبووە.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بە گوتەکانی مەسعوود پزیشکیان، سەرکۆماری ئێران کردووە کە لە لێدوانێکیدا دانی بە کەمیی سەرچاوە و قەیرانە قووڵە ئابوورییەکانی وڵاتەکەیدا ناوە و رایگەیاندبوو: پێویستە ئەم جەنگە لە شوێنێکدا کۆتایی پێبێت.

هاوکات بێسێنت سەرنجی خستووەتە سەر لێدوانەکانی محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کە بە شێوەیەکی راشکاوتر هۆشداریی دابوو لەوەی: گرنگ نییە چەندە خاوەنی هێزی سەربازین، ئەگەر خەڵک برسی بن و گەشەی ئابووری و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بوونی نەبێت، ناتوانین بەرگە بگرین.

سکۆت بێسێنت جەختی کردەوە، لەژێر سەرپەرشتیی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، وەزارەتی گەنجینە بەردەوام دەبێت لە بڕینی هەموو ئەو دەمار و شادەمارە ئابوورییانەی کە تاران بەپێوە دەهێڵنەوە، تا ئەو کاتەی ئێران لەسەر ئاستی جیهان بەتەواوی گۆشەگیر دەبێت و بە تەنیا دەمێنێتەوە.