عێراقچی: پابەندین بە بەدیهێنانی سەقامگیریی ناوچەکە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران زنجیرەیەک گفتوگۆ و راوێژی دیپلۆماسیی چڕی لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر، پاکستان و عومان ئەنجام دا، و سەرنجی خستە سەر دۆزینەوەی چارەسەری ناوچەیی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پێشکەشکردنی چوارچێوەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی هاوبەشی گەرووی هورمز.

سێشەممە 25ی ئابی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پابەندبوونی تارانی بە سەقامگیری لە رێگەی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دووپات کردەوە و ئاشکرای کر، لە گفتوگۆکانی لەگەڵ شاندەکانی پاکستان و عومان، جەخت لەسەر چارەسەری ناوچەیی کراوەتەوە؛ لەوانەش پێشکەشکردنی چوارچێوەیەک بۆ دروستکردنی رێڕەوێکی نوێ، کێوماڵکردنی هاوبەشی مین و چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی داهاتووی گەرووی هورمز.

لە درێژەی جووڵە دیپلۆماسییەکانیدا، عێراقچی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی قەتەر ئەنجام دا. لەو پەیوەندییەدا هەردوولا دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیی بەکارهێنانی سەرجەم توانستە دیپلۆماسییەکان و بەردەوامیی هەماهەنگییەکان کردەوە بۆ پێشگرتن لە زیاتر پەرەسەندنی گرژییەکان.

هاوکات، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی دیکەی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، تاوتوێی دۆخی ئەمنی و سیاسیی ناوچەکە و پرسە جێی بایەخە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد، و هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامیی راوێژکارییەکان و خستنەگەڕی هەوڵی هاوبەش بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا کردەوە.