ئەلمۆنیتۆر: عەلی زەیدی بۆ واژۆکردنی چەندین رێککەوتننامە سەردانی پاریس دەکات

سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی 14ـی ئەیلوول یەکەمین سەردانی فەرمیی بۆ پاریس ئەنجام دەدات و لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ئاسایش و پرسی وزە.

سێشەممە 25ـی ئابی 2026، پێگەی هەواڵیی ئەلمۆنیتۆر لە راپۆرتێکدا ئاماژەی داوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یەکەمین گەشتی فەرمیی خۆیدا بۆ ئەوروپا لە دوای دەستبەکاربوونی لە مانگی ئایاردا، بڕیارە رۆژی 14ـی ئەیلوول سەردانی پاریسی پایتەختی فەرەنسا بکات و لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و واژۆکردنی چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن.

دوو بەرپرسی ناوچەیی بۆ پێگەی هەواڵیی ئەلمۆنیتۆر ئاشکرایان کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەیان لە کۆشکی ئەلیزێدا، بەغدا و پاریس چەندین لێکتێگەیشتنی هاوبەش واژۆ دەکەن. ئەم سەردانەی زەیدی پێشتر پلانی بۆ داڕێژرابوو لە دوای دیدارەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 13ی تەممووز لە کۆشکی سپی و پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە 28ی تەممووز ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە بۆ مانگی ئەیلوول دواخرابوو.

سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ فەرەنسا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەغدادایە بۆ فرەچەشنکردنی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکانی، کە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە پشتیوانیی لێدەکرێت بە مەبەستی کەمکردنەوەی هەژموونی بەرفراوانی ئێران لەسەر عێراق. لەو چوارچێوەیەدا فەرەنسا رۆڵێکی سەرەکی لە کەرتی وزەی عێراق دەگێڕێت، بەتایبەت لە رێگەی پرۆژەی ستراتیژیی کۆمپانیای تۆتال ئینێرجیز بە بەهای 10 ملیار دۆلار لە کێڵگەی رەتاوی لە بەسرە، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە پشتبەستنی بەغدا بە گازی ئێرانی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

لە رووی ئەمنی و سەربازییەوە، پاریس و بەغدا لە گفتوگۆدان بۆ فرۆشتنی 14 فڕۆکەی جەنگیی لە جۆری رافال بە هێزی ئاسمانیی عێراق. هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق لە 30ی ئەیلوولدا، زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە ژمارەیەکی کەم لە هێزە تایبەتەکانی فەرەنسا بە نهێنی لە عێراق بمێننەوە بۆ چاودێریکردن و لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش، بەتایبەت ئەو چەکدارانەی هەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسین.

ئەم سەردانەی عەلی زەیدی لە کاتێکدایە کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی رووبەڕووی گوشارێکی توند بووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی سەبارەت بە چەککردن و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان تاوەکو 30ی ئەیلوول؛ ئەو میلیشیایانەی هێرشەکانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ژێرخانی وزەی وڵاتانی کەنداو، پێشتر بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکەی ناوبراو بۆ ریازی پایتەختی عەرەبستانی سعوودیە.