قالیباف: ئەمریکا لە جەنگی ئابووریشدا وەک جەنگی سەربازی تێکدەشکێت
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، جەختی لە تێکشکانی ئەمریکا لە جەنگی ئابووریدا کردەوە و رایگەیاند: ناوچەکە بەرەو دروستبوونی سیستمێکی نوێی هەرێمی هەنگاو دەنێت.
سێشەممە، 25ـی ئابی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند: سیستمێکی نوێی ناوچەیی لە قۆناخی دروستبووندایە و دۆخی ئێستاش مێژووییە بۆ ئێران و عێراق.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ستایشی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق کرد و بە دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ حکوومەت و گەلی عێراق ناوزەندی کرد، هاوکات هیوای خواست کە ئەم کشانەوەیە بە تەواوی لە سەر زەوی و ئاسمانی ئەو وڵاتە جێبەجێ ببێت.
هەر لە بارەی ئەمریکاوە گوتی: ئەو وڵاتە هەر وەکو چۆن لە جەنگی سەربازی و سیاسیدا بەرامبەر ئێران تێکشکا، لە جەنگی ئابووریشدا بە هەمان شێوە تێکدەشکێت.
قالیباف لە میانی سەردانی هەفتەی رابردووشیدا بۆ بەغدا ئاماژەی بەوە کردبوو، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران بەرەو چەسپاندنی "سیستمێکی نوێی ناوچەیی" دوور لە دەستوەردانی دەرەکی هەنگاو دەنێن.