رووسیا و ئۆکرانیا لە گفتوگۆدان بۆ گۆڕینەوەی دیلەکانی جەنگ
ئاژانسی هەواڵی تاس، ئەمڕۆ چوارشەممە لە زاری یانا لانتارتۆڤا، کۆمیساری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، رووسیا و ئۆکرانیا سەرقاڵی دانوستانن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی جەنگ، کە لانتارتۆڤا بە پرۆسەیەکی فراوان ناوی برد.
ئەو دانوستانانە لە چوارچێوەی پەیوەندییە مرۆییە بەردەوامەکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤدایە. لایەنی ئۆکرانی تا ئێستا هیچ زانیارییەکی فەرمیی لەبارەی وردەکاریی ئەو گفتوگۆیانە بڵاونەکردووەتەوە.
لە دوای دەستپێکی هێرشە سەربازییەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە شوباتی 2022، هەردوو وڵات لە رێگەی چەندین پرۆسەی جیاوازەوە هەزاران دیلی جەنگیان ئاڵوگۆڕ کردووە.
مانگی ئایاری رابردوو، بە نێوەندگیری ئەمریکا رێککەوتنێک بۆ ئاڵوگۆڕی 1000 دیل لە هەر لایەک کرا. ئەو پرۆسەیە وەک یەکێک لە گرنگترین دەرەنجامەکانی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان هەردوو وڵات هەژمار دەکرێت.