بەهۆی بڵاوکردنەوەی نەخشەیەک عێراق باڵیۆزی ئێران بانگهێشت دەکات

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، محەمەد کازم سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا بانگهێشتی کرد. ئەم هەنگاوە لە وەڵامی بڵاوکردنەوەی نەخشە و ناوەڕۆکێک لەلایەن هەژمارە فەرمییەکانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی ئێران هات، کە ناڕەزایەتیی حکوومەتی عێراقی لێکەوتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، شۆرش خالید سەعید، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری فرەلایەنە و یاسایی، لەگەڵ باڵیۆزی ئێران کۆبووەوە بۆ وەرگرتنی روونکردنەوە لەسەر ئەو نەخشانەی لە هەژماری باڵیۆزخانەکانی ئێران لە دەرەوە، لەوانە باڵیۆزخانەی ئێران لە کینیا بڵاوکراونەتەوە. عێراق ئەو بڵاوکراوانەی بە نەگونجاو لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان وەسف کرد.

کاردانەوەی لایەنی عێراقی لەسەر دوو خاڵی سەرەکی چڕ بووەوە. یەکەمیان، بەکارهێنانی ناوی کەنداوی فارس لەبری کەنداوی عەرەبی لە نەخشەکاندا، کە پرسێکی هەستیارە لەسەر ئاستی سیاسی و جەماوەری. دووەمیان، بڵاوکردنەوەی بانگەشەی ئەوەی ناوی عێراق و بەغدا رەگ و ریشەی فارسییان هەیە، هاوکات لەگەڵ دانانی وێنەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تەنیشت نەخشەکان.

حکوومەتی عێراق جەختی کردەوە، ئەو هەڵوێستانە زیان بە سەروەری و شوناسی جوگرافی و مێژوویی عێراق دەگەیەنن. عێراق داوای لە تاران کرد دوور بکەوێتەوە لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکان و پێداگری کرد، کێشە هەرێمییەکان پێویستە تەنیا لە رێگەی دیپلۆماسی و گفتوگۆی راستەوخۆوە چارەسەر بکرێن.

دوای بانگهێشتکردنی باڵیۆز، هەژمارە فەرمییەکانی نوێنەرایەتییەکانی ئێران دەستبەجێ بڵاوکراوە و نەخشە کێشە لەسەرەکەی سڕییەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان لێک درایەوە.

محەمەد کازم سادق دووپاتی کردەوە، ئێران پابەندە بە بەردەوامیی هەماهەنگییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ بەغدا و چارەسەرکردنی سەرجەم پرسەکان لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات.