پیسکۆڤ وردەکاری سەردانی جۆن راتکلیف بۆ مۆسکۆ دەخاتە روو
دمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین رایگەیاند، سەردانی جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا بۆ مۆسکۆ، پەیوەندیی بە هەماهەنگیی نێوان دەزگا هەواڵگرییەکانی هەردوو وڵاتەوە هەیە.
پیسکۆڤ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی واشنتن پۆست روونیکردەوە، گفتوگۆکان تەنیا لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئاژانسەکانی هەواڵگریدا بووە. هاوکات گوتەبێژی کرێملین بە ئاژانسی تاسـی راگەیاند، هیچ پلانێک بۆ کۆبوونەوەی نێوان راتکلیف و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا لە ئارادا نەبووە.
فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازی ئەمریکی لە جۆری بۆینگ سی-17 ئەی گلۆبماستەر 3 دوێنێ کاتژمێر 10ـی بەیانی بە کاتی مۆسکۆ لە فڕۆکەخانەی ڤنۆکۆڤۆ نیشتووەتەوە. فڕۆکەکە لە بنکەی ئاسمانی ئەندرۆز لە نزیک واشنتن بەڕێکەوتبوو، کە تایبەتە بە گەشتی بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا. ئەمە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2017ـەوە فڕۆکەیەکی لەو جۆرە لە مۆسکۆ بنیشێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئانا پۆلینا لونا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پشتیوانیی خۆی بۆ سەردانەکە دەربڕی و نووسیویەتی: "بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا کارێکی گرنگ لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات."