ئەمریکا هێرشی کردە سەر کەشتییەک و کوژراو هەیە
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە هێرشێکدا بۆ سەر کەشتییەک لە دەریای کاریبی 4 کەس کوژران، ئەو هێرشە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە مافیاکانی ماددەی هۆشبەر.
فەرماندەیی باشووری ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا لە پلاتفۆڕمی "ئێکس" بڵاویکردەوە "زانیاریی هەواڵگریی پشتڕاستکراو سەلماندوویەتی ئەو کەشتییەی هێرشی کراوەتە سەر، تێوەگلاوی چالاکیی قاچاخی ماددەی هۆشبەر بووە"، فەرماندەییەکە روونیکردەوە، پرۆسەکە بووەتە هۆی کوژرانی 4 کەس لەو گرووپە.
فەرماندەیی باشووری ئەمریکا ناسنامەی کوژراوانی ئاشکرا نەکرد و شوێنی وردی هێرشەکەشی دیاری نەکرد، تەنیا رایگەیاند، کەشتییەکە لە "رێڕەوە ناسراوەکانی قاچاخی ماددەی هۆشبەر لە دەریای کاریبی" هاتوچۆی کردووە.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئەیلوولی 2025ـەوە هێرش دەکاتە سەر ئەو کەشتییانەی تۆمەتبارن بە گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر، بەگوێرەی ئامارەکان، ئەو لێدانانەی سوپای ئەمریکا لە دەریای کاریبی و رۆژهەڵاتی زەریای هێمن کردوونی، تا ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 210 کەس.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەنێویاندا هیومان رایتس وۆچ، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و شارەزایانی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو لێدانانەیان بە "کوشتنی نایاسایی" و "کوشتن لە دەرەوەی دادگا" ناوبردووە.
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە هێرشێکدا بۆ سەر کەشتییەک لە رۆژهەڵاتی زەریای هێمن 2 کەس کوژران.