سەربازێکی ئیسرائیلی میکانیزمی تاوانبارکردنی قوربانییەکان دوای کوشتنیان ئاشکرا دەکات
سەربازێکی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، سوپای ئیسرائیل دوای هەر هێرشێک میکانیزمێک بەکاردەهێنێت بۆ دۆزینەوەی پەیوەندی لە نێوان ئەو مەدەنی و رۆژنامەنووسانەی دەکوژرێن لەگەڵ حەماس، بە ئامانجی کەمکردنەوەی بەرپرسیارێتیی سوپا و کپکردنی ئەو ناڕەزایەتییانەی بەهۆی وێنەی قوربانییانەوە دروست دەبێت.
رۆژنامەی لۆمۆند لە یەکەم ساڵیادی بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی ناسر لە خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە، کە 25ـی ئابی 2025 روویدا، شایەتی ئەو سەربازەی بڵاوکردەوە، لەو بۆردومانەدا 22 کەس کوژران، کە پێنجیان رۆژنامەنووس و بەشێکی دیکەیان کارمەندی تەندروستی و بەرگریی شارستانی بوون.
سەربازەکە ئەو کردارە بە هەوڵێکی بە ئامانجگرتنی ناڕاستەوخۆ ناو دەبات و روونیکردەوە، گوتەبێژانی سوپای ئیسرائیل دوای ئەو هێرشانەی گومانیان لەسەرە، بەدوای زانیارییەکدا دەگەڕێن کە بتوانن قوربانییەکان بە حەماسەوە ببەستنەوە و وەک ئامانجی سەربازی هەژماریان بکەن، بەگوێرەی گوتەکانی ئەو سەربازە، پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە پەیوەندییەکان دوای بۆردومانەکە دەست پێدەکات، نەک پێش بڕیاری ئامانجگرتنەکە، زۆرجار دۆزینەوەی پەیوەندییەکی لاواز یان ناڕاستەوخۆ بەسە بۆ ئەوەی لەو گێڕانەوە میدیاییەدا بەکاریبهێنن کە سوپا بڵاوی دەکاتەوە.
سەربازەکە روونیکردەوە، بڕیاری داوە بێدەنگی بشکێنێت دوای بۆردومانی نەخۆشخانەی ناسر، کاتێک بۆی دەرکەوت ئەو کامێرایەی سوپا وەک ئامێری چاودێریی حەماس پێشکەشی کردبوو، لە راستییدا ئامێرێکی کاری رۆژنامەنووسی بووە، هێرشی یەکەم کامێرایەکی سەر پلیکانەی دەرەکیی نەخۆشخانەی ناسری کردە ئامانج و حوسام مسری، وێنەگری رۆیتەرزی کوشت، چەند خولەکێک دواتر، هێرشی دووەم رۆژنامەنووسان و تیمەکانی فریاگوزاری کردە ئامانج کە بۆ یارمەتیدانی بریندارەکان لەوێ کۆببوونەوە.
سوپای ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو، هێزەکانیان چاودێری کامێرایەکی گوماناوییان کردووە کە حەماس بۆ چاودێریکردنی جووڵەی سەربازەکان بەکاریهێناوە و هێرشەکەش بۆ نەهێشتنی ئەو هەڕەشەیە بووە، لە بەرامبەردا، لێکۆڵینەوەیەکی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە زیاتر لە 100 دیمەن و وێنە و چاوپێکەوتن ئەو گێڕانەوەیەی سوپای رەتکردووەتەوە.