ئەمریکا بۆ مەشقپێکردنی کارمەندەکانی پێدانی ڤیزای پەنابەری راگرت

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاری دا سەرجەم چاوپێکەوتنەکانی پێدانی ڤیزای پەنابەری لە تەواوی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی جیهاندا رابگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرجەم چاوپێکەوتنەکانی تایبەت بە ڤیزای پەنابەری لە تەواوی جیهاندا راگرتووە. ئەو کەسانەشی وادەی پێشوەختەیان هەبووە لە رێگەی نامەوە ئاگادارکراونەتەوە چاوپێکەوتنەکانیان بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە، بەبێ ئەوەی کاتێکی نوێیان پێ رابگەیەندرێت.

وەزارەتی دەرەوە سەبارەت بە بڕیارەکە، روونیکردەوە، کارمەندانی تایبەت بە پێدانی ڤیزا لە کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکان خولی راهێنانی تایبەتیان پێدەکرێت، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی وریایی لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا. 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، دەیانەوێت دڵنیابن داواکارانی ڤیزا مەبەستی دیکەیان نییە و نایانەوێت هاوکارییە داراییەکان و سندووقە گشتییەکان بقۆزنەوە.

هاوکات کارمەندانی پێدانی ڤیزا لە باڵیۆزخانەکان راستەوخۆ داواکاریی ئەو کەسانە رەتدەکەنەوە ئامانجیان ئەوەیە لە رێگەی ڤیزای پەنابەرییەوە سوود لە حکوومەتی ئەمریکا وەربگرن.

ئەم هەنگاوەی ئیدارەی ئەمریکا رووبەڕووی رەخنەی توندی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بووەتەوە، هەروەها دڵەڕاوکێی زۆری لای ئەو داواکارانە دروستکردووە کاتێکی زۆرە چاوەڕێی وەرگرتنی ڤیزا دەکەن.

 پێشتریش دادگایەکی فیدراڵی لە ئەمریکا بڕیارێکی ئیدارەی ترەمپی هەڵوەشاندەوە کە پەیوەست بوو بە راگرتنی ڤیزا بۆ هاووڵاتییانی 75 وڵاتی جیهان.