قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی لە سەیدسادق دەستپێدەکات

شارەوانی سەیدسادق قۆناخێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات و ئەمڕۆش رێکارەکانی قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی رەوانەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی دەکات.

سەرۆکایەتی شارەوانی سەیدسادق ئامادەکاری و نەخشەی زەوییەکانی قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیان تەواوکردووە و بەمزووانە پرۆسەکە دەستپێدەکات.

لەوبارەوە کۆچەر حەسەن، سەرۆکی شارەوانی سەیدسادق بە کوردستان24 ـی راگەیاند، بەشێوەیەکی گشتی ناوی پێنج هەزار و 300 فەرمانبەر و خانەنشین بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە و تاوەکو ئێستا و لە قۆناخی یەکەم 150 پارچە زەوییان دابەش کردووە. 

ئاشکراشی کرد، ئامادەکارییەکان و نەخشەی زەوییەکان بۆ قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی تەواوکراون و ئەمڕۆ وردەکاری و رێکارەکان رەوانەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی دەکەن و ئەگەری هەیە تا دوو هەفتەی داهاتوو قۆناخی دووەم دەستپێبکات. 

گوتیشی، لە قۆناخی دووەم دا 250 پارچە زەوی ئامادەکراون بەشێوەی خاڵبەندی دابەش دەکرێن و ئەو کەسانەی 35 تا 39  خاڵییان هەیە زەوییان پێدەدرێت. 

سەرۆکی شارەوانی سەیدسادق راشیگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنوورەکەیان بێ کێشە نییە و یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان نەمانی زەوییە، تاوەکو ئێستا سێ نووسراوییان بۆ کوژاندنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کردووە و وەڵامی نووسراوەکانیان نەدراوەتەوە.

دەشڵێت: بۆ پێنج هەزار و 300 فەرمانبەر و خانەنشین تەنیا 600 زەوی ئامادەکراویان بۆ دابەشکردن هەیە و 150 ـی دابەشکراوە و لە قۆناخی دووەم 250 ـی دابەش دەکرێت و چوار هەزار و 700 فەرمانبەر و خانەنشین بێ زەوی دەمێننەوە.