یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ گواستنەوەی وشکانی لە نێوان وڵاتانی عەرەبی واژۆ دەکرێت
عێراق هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ تێکەڵبوون بە بازاڕەکانی ناوچەکە دەنێت و هەوڵ دەدات ببێتە ناوەندێکی هەرێمی بۆ وەبەرهێنان و پاراستنی بەرهەمە نیشتمانییەکان.
حوسێن ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، رێکارەکانی کاراکردنەوەی لێکتێگەیشتنی گواستنەوەی وشکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی تەواو بوون.
بەگوتەی ئەحمەد، پڕۆژەکە ئێستا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە تاوتوێ دەکرێت و دواتر بۆ پەسەندکردن رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت.
سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەم رێککەوتنە، ئەحمەد خاڵە سەرەکییەکانی بەمجۆرە خستەڕوو.
وڵاتانی بەشدار: لە قۆناخی یەکەمدا نزیکەی 10 وڵات دەچنە ناو لێکتێگەیشتنەکەوە، لەوانە وڵاتانی کەنداو، میسر، لیبیا، ئوردن و بە ئەگەرێکی زۆر سووریا. چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو رێککەوتنەکە بە فەرمی واژۆ بکرێت.
ئاسایش و گەرەنتی: رێککەوتننامەکە مافی بازرگانان و گواستنەوە دەپارێزێت و جووڵەی بارهەڵگرەکان رێکدەخات. وەزارەتی گواستنەوە جەختی لەوە کردەوە، گەرەنتیی ئەمنی بۆ پاراستنی کاڵاکان 100%ـی دەبێت و ئەمەش دڵنیایی تەواو بە وەبەرهێنەران دەبەخشێت.
ئاسانکاریی هاتوچۆ: یاداشتەکە تەنیا بۆ ئاسانکاریی جووڵەی بارهەڵگرەکانە و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر رێککەوتنەکانی دیکە نابێت.
عێراق پێش ساڵی 2003 بەهۆی گەمارۆکان و دوای ئەو کاتەش بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە لەم جۆرە رێککەوتنە گەورانە بێبەش بوو، بە جۆرێک بۆ ماوەی 13 ساڵ هیچ رێککەوتنێکی وشکانیی کارای نەبووە.
عێراق دوای هەوڵێکی زۆر لە ئازاری 2022دا چووە ناو رێککەوتنی نێودەوڵەتیی TIR و تا ئێستا توانیویەتی 5,000 گواستنەوەی سنووری رێکبخات. لە نوێترین نموونەشدا، دووشەممەی رابردوو بارهەڵگرێکی عێراقی توانیویەتی کاڵا لە دەروازەی عەرعەری سعوودیەوە بگەیەنێتە قوڵایی وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا، ئەمەش دەستپێکێکە بۆ زیندووکردنەوەی کەرتی بازرگانیی نیشتمانی.