پرسی بەنزینی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق تاوتوێ دەکرێت

لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی زیادکردنی پشکی بەنزینی هەرێمی کوردستان، وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری بەرهەمە نەوتییەکان بانگهێشت دەکات.

سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو لیژنەیەی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر زیادکردنی پشکی بەنزینی هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە، کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026،  لە باڵەخانەی پەرلەمان وەزیری نەوت و بەڕێوەبەری بەرهەمە نەوتییەکان بانگهێشت دەکات.

گوتیشی، لیژنەکە راپۆرتی خۆی لەسەر پرسی زیادکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بەنزین داوەتە وەزارەتی نەوت و دەبێت ئەمڕۆ لەنێو لیژنەی نەوت و گازدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت.

لە ماوەی رابردوودا بەهۆی کەمبوونەوەی خستنەڕووی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، کێشەی زۆر بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان دروست بوو. 

بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی دەرکرد بۆ دابینکردنی بەنزینی ئاسایی بە نرخی 750 دینار و قەرەبووکردنەوەی جیاوازیی نرخەکەی لەسەر ئەرکی خۆی. 

کێشەی سەرەکیی کەمیی سووتەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی بەغدا بە ناردنی پشکی تەواوەتی هەرێمی کوردستان. سەرەڕای ئەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە هەرێمی کوردستان زۆرە، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی رۆژانە تەنیا بڕێکی کەم سووتەمەنی رەوانە دەکات، ئەمەش وایکردووە هەرێمی کوردستان پشت بە داهات و پاڵاوگەکانی خۆی یان هاوردەکردن لە دەرەوە ببەستێت. بۆ رێگریکردن لە هەر لادانێکیش، وەزارەتەکە چاودێرییەکانی تووند کردووە و رێکاری نوێی گرتووەتەبەر.