سعوودییە پێشوازیی لە یەکگرتنەوەی هەسەدە و سوپای سووریا دەکات
سعوودییە بە فەرمی پێشوازی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تێکەڵبوونەوەیان بە ریزەکانی سوپای سووریا دەکات و بە هەنگاوێک بەرەو سەقامگیریی وەسفی دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، وڵاتەکەی پێشوازی لە هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و یەکگرتنەوەی لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سووریا دەکات.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەم پرۆسەیە بە هۆکارێکی گرنگ بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ سووریا دانراوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی سعوودییە دووپاتی کردەوە، پشتیوانیی تەواوی ئەو هەنگاوانە دەکەن کە حکوومەتی سووریا گرتوویەتییەبەر بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانی گەلی سووریا و گەیشتن بە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی.
هەروەها وڵاتەکە هیوای سەقامگیریی و گەشەسەندنی بەردەوام بۆ سووریا و خەڵکەکەی دەخوازێت.
رۆژی سێشەممە، 25ـی ئاب، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی هێزەکەی وەک رێکخراوێکی سەربازیی سەربەخۆ و تێکەڵبوونی تەواوەتیی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و سوپای سووریا راگەیاند.
ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە دوای رێککەوتنێکی گشتگیر هات لە نێوان سەرکردایەتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا.
هێزەکانی هەسەدە لە ساڵی 2015 بە پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی رێکخراوی داعش دامەزران و لە ساڵانی رابردوودا کۆنترۆڵی بەشێکی فراوانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریایان دەکرد.