سیپان شێروانی: وەزیری نەوتی عێراق پشکی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان زیاد ناکات
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، سیپان شێروانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: وەزیری نەوتی عێراق پشکی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان زیاد ناکات.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، باسم عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق رەتیدەکاتەوە پشکی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان زیاد بکات. ئاشکراشیکرد، سبەی پێشوازی لە وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزیری نەوت بۆ چارەسەرکردنی کیشەی سووتەمەنی دەکرێت، لەم چوارچێوەیەدا داوا لە هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کراوە یان خودی وەزیرەکان ئامادەبن یان نوێنەرانی خۆیان بۆ دانیشتنەکە بنێرن .
سیپان شێروانی گوتیشی "من بە وەزیری نەوتم گوت ئەی تۆ نەتگوت ئەگەر 50 هەزار بەرمیل نەوتەکەمان بۆ بنێرن، منیش 7 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێم دەنێرم؟، لە وەڵامدا وەزیری نەوت روونیکردەوە، ئێمە خۆمان سووتەمەنی هاوردە دەکەین و توانای دابینکردنی سووتەمەنیمان بۆ هەرێمی کوردستان نییە. وەزیری نەوت جەختیکردەوە، چارەسەری کێشەکە پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی لەنێوان هەردوو حکوومەتدا هەیە.
سیپان شێروانی بە خستنەڕووی بەڵگەکان دووپاتیکردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئاداری 2025ـەوە داوای 115 هەزار بەرمیل نەوتی کردووە، نەک 50 هەزار بەرمیلی رۆژانە، هەروەها رایگەیاند، هەر رێکارێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین بگیرێتەبەر، ئەوان ئامادەی هاریکارین بە مەرجێک لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا بێت و مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و یەکسانییان لەگەڵ هاووڵاتییانی دیکەی عێراق پارێزراو بێت.
سەبارەت بە هەنگاوە پەرلەمانییەکان، شێروانی رایگەیاند، 169 واژۆی کۆکردووەتەوە و داوای لە وەزیری نەوت و سەرۆکوەزیران کردووە یان بەرهەمی نەوتی خاو زیاد بکەن یان بە هەر رێگایەک بێت کێشەکە چارەسەر بکەن.
جەختیکردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای زیادکردنی بەرهەمی نەوتی کردووە، بۆیە پێویستە وەزیری نەوت پابەندی داواکارییەکان بێت و بەرپرسیارەتی خۆی لە چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین جێبەجێ بکات.
ئەو پەرلەمانتارە لە کۆتاییدا روونیکردەوە، فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بە نووسراوی فەرمی داوای لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە چارەسەری کێشەکە بکات. زەیدییش نووسراوی بۆ وەزارەتی نەوت کردووە و داوای چارەسەرکردنی دۆخەکەی کردووە، بۆیە پێویستە وەزیر پابەندی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بێت.