مالیکی هۆشداری لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی دەدات

نووری مالیکی
نووری مالیکی

نووری مالیکی هۆشداری لە دروستبوونی ململانێی چەکداری دەدات و جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی عێراق دەکاتەوە، هاوکات پشتیوانیی خۆیشی بۆ مانەوەی حکوومەت و پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان دووپات دەکاتەوە.

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "دەوڵەتی یاسا"، لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە شرۆڤەکاران و شارەزایانی سیاسی رایگەیاند، عێراق بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستی بە دانایی و بەرپرسیارێتییەکی زۆر هەیە. 

ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵێک هەیە بۆ نانەوەی ئاژاوە لە دۆخی سیاسیدا، بەڵام 'چوارچێوەی هاوئاهەنگی' بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی حکوومەت بۆ پاراستنی سەقامگیری و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات.

سەبارەت بە پرسی چەک، مالیکی جەختی لە پێویستیی کۆنتڕۆڵکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە کردەوە بە شێوەیەکی دوور لە رووبەڕووبوونەوە. هۆشداریشی دا، دروستبوونی پێکدادان لە نێوان دەوڵەت و گرووپە چەکدارەکان زۆر مەترسیدار دەبێت و دەرگا بەڕووی هەڵوێستی سیاسیی جیاوازدا دەکاتەوە. 

روونیشیکردەوە، هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی ناوخۆیی زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنێت، ئەو کەسانەشی پێیانوایە ململانێی چاوەڕوانکراو تەنیا لە نێوان شیعەکاندا دەبێت لە هەڵەدان، چونکە کاریگەرییەکەی باڵ بەسەر کۆمەڵگە و هەموو پێکهاتەکاندا دەکێشێت و رێگەش بە دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی نادەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مالیکی باسی لە گرنگیی بوونی دیدگایەکی روون کرد بۆ رێگریکردن لە گۆڕینی عێراق بۆ گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. داواشی کرد پەلە بکرێت لە تەواوکردنی کابینەی وەزاری و پڕکردنەوەی ئەو وەزارەتانەی بەتاڵن، روونیشیکردەوە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران هەمان خواستی هەیە لەو بارەیەوە.

لە کۆتاییدا، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دووپاتیکردەوە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە پاڵ حکوومەتدایە و بوونی تێبینی لەسەر کارەکانی بە واتای قبووڵکردنی گۆڕین یان رووخانی نایەت، بەڵکوو ئامانج لێی راستکردنەوەی رێڕەوی کارەکانە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان بە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن.