سوپای پاسداران: مەرجەکانی ئێران جێبەجێ نەکرێن گەرووی هورمز ناکرێتەوە
سوپای پاسدارانی ئێران رێککەوتنێکی فەرمی ئێران و عومانی لەسەر دابەشکردنی داهاتەکانی گەرووی هورمز راگەیاند. هاوکات گوتەبێژی سوپای پاسداران هۆشداری دەداتە ئەمریکا کە تاوەکو مەرجەکانی ئێران جێبەجێ نەکرێن، رێگە بە کردنەوەی گەرووەکە و تێپەڕبوونی کەشتییەکان نادەن.
سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی چوارشەممە، 26ی ئابی 2026، ئاشکرای کرد، دوای پتر لە 2 بۆ 3 مانگ لە دانوستان، ئێران و عومان گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر دیاریکردنی پشکی هەردوو وڵات لەو داهاتانەی لە گەرووی هورمز بەدەست دێن. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەم رێککەوتنە پڕۆسەی تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا دەگۆڕێت بۆ سیستمێکی بەڕێوەبردنی هاوبەش و وەرگرتنی باج و سەرانە لە کەشتییە بازرگانییەکان.
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای گەرووەکە رایگەیاند: "گەرووی هورمز بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە و هیچ کەشتییەکی سەربازیی دوژمن لە ناویدا نییە. هەموو کەشتییە جەنگییەکانی ئەوان لانیکەم یەک کیلۆمەتر لە گەرووەکە دوورن و هیچ کەشتییەک ناتوانێت بەبێ رەزامەندی و بەڕێوەبردنی ئێران بەم رێڕەوەدا تێپەڕ بێت."
گوتەبێژی سوپای پاسداران ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی دەستوەردان لە رێککەوتنەکەی تاران و مەسقەت دەکات و گوتی: "ئەمریکا دەبێتە هۆی دواکەوتنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە. ئەگەر واشنتن واز لە تێکدانی دۆخەکە بهێنێت و مەرجەکانمان قبووڵ بکات، دەتوانین لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا گەرووەکە بکەینەوە، بە پێچەوانەوە لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا گەرووی هورمز ناکرێتەوە."
ئەم بڕیارەی سوپای پاسداران هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکی پێشووی موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، کە رایگەیاندبوو هەر کردنەوەیەکی گەرووەکە تەنیا لە ژێر بەڕێوەبردنی تاراندا دەبێت و باجی تێپەڕبوونی لێ وەردەگیرێت. هەروەها کازمی غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە کە رێگە بە هیچ کەشتییەکی سەربازی نادرێت لە گەرووەکە نزیک بێتەوە و تەنیا کەشتییە بازرگانییەکان لە ژێر چاودێریی ورددا رێگەیان پێ دەدرێت.
لەلایەکی دیکەوە، داتاکانی کۆمپانیای "کێپلەر" بۆ زانیارییە دەریاییەکان ئاشکرای دەکەن، هاتووچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز لە ماوەی 2 هەفتەی رابردوودا بە رێژەی 400 لەسەد زیادی کردووە و ژمارەی کەشتییەکان گەیشتووەتە نزیکەی 200 کەشتی. سوپای پاسداران بەم راگەیاندنە نوێیەی دەیەوێت دەسەڵاتی دارایی و کارگێڕی خۆی بەسەر هەموو ئەو کەشتییانەدا بسەپێنێت کە بەم رێڕەوە ستراتیژییەدا تێپەڕ دەبن.