دلۆڤان محەمەد: سێ برینداری رووداوەکەی کەسنەزان باری تەندروستیان ناجێگیرە

دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکاریی تەندروستیی قوربانییانی رووداوەکەی رێگەی (هەولێر - کۆیە)ی خستەڕوو و رایگەیاند، کەسێک گیانی لەدەستداوە و 3 بریندار باری تەندروستییان ناجێگیرە.

دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر لە لێدوانەکەیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "بەهۆی رووداوە سەختەکەی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی ئابی 2026، بەداخەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ برینداری دیکەش باری تەندروستییان ناجێگیرە."

بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر ئاماژەی بە دابەشبوونی بریندارەکان بەسەر نەخۆشخانەکاندا کرد و گوتی: "5 بریندار لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رزگارین، لەنێویاندا کەسێک باری تەندروستیی ناجێگیرە. هەروەها دوو برینداری دیکەش کە دۆخی تەندروستییان ناجێگیر بووە، رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا کراون."

سەبارەت بە رێکارە پزیشکییەکان، دکتۆر دلۆڤان دووپاتی کردەوە: "ئەوەی کە پێویست بووە لە نەخۆشخانەی رزگاری دەمودەست هەمووی بۆ بریندارەکان کراوە، ئەمەش بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری نەخۆشخانە و دەستەی کارگێڕی و پزیشکانی پسپۆڕ و کارمەندان بەپێی پێویستیی برینەکان."

لەبارەی جۆری برینی یەکێک لە بریندارەکان، بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر گوتی: "یەکێکیان بەهۆی رووداوەکەوە سەری ئازاری پێگەیشتووە و لە هەمان کاتدا سووتانیشی هەبووە."

لە کۆتایی قسەکانیدا دلۆڤان محەمەد رایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ جەنابی وەزیری تەندروستی سەردانی نەخۆشەکانمان لە فریاکەوتنی رۆژئاوا کردووە و هەرچی پێویست بێت بۆ چارەسەرکردنیان ئەنجام دەدرێت."