10 خاڵی رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە ئاشکرا کرا
بەپێی دەقی رێککەوتننامەی نێوان دیمەشق و هەسەدە، بڕیار دراوە مەزڵووم عەبدی وەک راوێژکاری سەرۆککۆمار و ئیلهام ئەحمەد لە پەرلەمان و وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەستنیشان بڕیاریان لەسەر بدرێت، هاوکات زمانی کوردی بە فەرمی دەناسرێت، هێزەکانی هەسەدە و یەپەژە تێکەڵ بە سوپا و وەزارەتی ناوخۆ دەکرێن، و دەرفەتی سەردانیکردنی ئۆجەلان و سڕینەوەی ناوی مەزڵووم عەبدی لە لیستی تیرۆری تورکیا تاوتوێ دەکرێت.
چوارشەممە 26ی ئابی 2026، گۆڤاری مەجەللەی بەریتانی-عەرەبی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی سووری و رۆژئاواییەوە، وردەکاری و بەندە سەرەکییەکانی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و سەرکردایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی ئاشکرا کرد پێش ئەوەی بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی ئەو هێزە رابگەیەنرێت.
بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی گۆڤارەکە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی تەواوی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی هەسەدە و بەڕێوەبەریی خۆسەر دوای ئەنجامدانی دوو کۆبوونەوەی چڕ لە نێوان ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە دیمەشو بووە.
لە بەرامبەردا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە مەرسوومێکی سەرۆکایەتی مەزڵووم عەبدی وەک راوێژکاری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری پێکهاتەکان یان دۆسیەی کورد دیاری دەکات
دەقی 10 خاڵی رێککەوتنەکە:
1. ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، رۆژانی دووشەممە و سێشەممە دوو دانیشتنی لە دیمەشق لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد ئەنجام دابوو. رێککەوتن کرا کە ئێوارەی سێشەممە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆببنەوە، و دواتر مەزڵووم عەبدی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکان رابگەیەنێت، لە نێویاندا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەڕێوەبەریی خۆسەر.
2. مەزڵووم عەبدی وەک راوێژکاری سەرۆککۆمار دەستنیشان دەکرێت. یەکێک لەو پێشنیازانەی لە ژێر گفتوگۆدایە ئەوەیە کە ئەرکەکەی دۆسیەی پێکهاتەکانی سووریا یان کاروباری کورد لەخۆدەگرێت، و دەسەڵاتە کۆتاییەکانیش بە مەرسوومێکی سەرۆکایەتی دیاری دەکرێن.
3. ئیلهام ئەحمەد لە چوارچێوەی لیستی سەرۆککۆماردا وەک پەرلەمانتار لە ئەنجوومەنی گەل (پەرلەمان) دەستنیشان دەکرێت. ئەو پێشنیازانەی لە ژێر گفتوگۆدان بریتین لە پێدانی رۆڵێک پێی پەیوەست بە داڕشتنەوەی دەستوور یان کارکردن لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەدا، و چاوەڕوان دەکرێت رێکخستنی کۆتایی دواتر رابگەیەنرێت.
4. لە میانی کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی عەبدی و شەرع لە دیمەشق، ئەگەری وەرگرتنی پۆستێک لەلایەن ئیلهام ئەحمەدەوە لە وەزارەتی دەرەوە خراوەتەڕوو. بژاردە تاوتوێکراوەکان بریتی بوون لە جێگری وەزیری دەرەوە، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە یان راوێژکاری باڵا.
5. لە میانی کۆبوونەوەکانی رۆژانی دووشەممە و سێشەممەدا، رێککەوتن کرا لەسەر تێکەڵکردنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) کە ژمارەیان نزیکەی هەزار و 500 ژنە شەڕڤانە، لەناو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ. ئەوان دەبنە بەشێک لە هێزەکانی دژەتیرۆر و لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا جێگیر دەکرێن.
6. دیمەشق بەڵێنی داوە لە قۆناخێکی دواتردا تاوتوێی تێکەڵکردنی ئەندامانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لەناو سوپای سووریادا بکات.
7. پرۆسەی تێکەڵکردنی چەکدارانی هەسەدە لەناو چوار لیوای سەر بە سوپای سووریا تەواو دەکرێت. ئێستا هەر لیوایەک لە نزیکەی هەزار و 300 شەڕڤان پێکدێت، لە کاتێکدا ژمارەیەک لە چەکدارەکان هێشتا چاوەڕوانی رەزامەندیی فەرمین. پرۆسەکە بۆ ئەوان و بۆ نزیکەی هەزار و 700 شەڕڤانی دیکەش بەردەوام دەبێت. هەروەها رێککەوتن کراوە لەسەر جێگیرکردنی یەکە کوردییەکان لەسەر سنوورەکان.
8. بڕیارێکی فەرمیی سووریا دەردەچێت بۆ دانپێدانان بە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی، بە جۆرێک کە بابەتە تیۆرییەکانی وەک مێژوو و جوگرافیا شانبەشانی بابەتەکانی دیکە لە قوتابخانەکاندا بە زمانی کوردی دەخوێندرێن.
9. چاوەڕوان دەکرێت مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد سەردانی تورکیا بکەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). بەپێی سەرچاوەکان، ئەم سەردانە دەکرێت بەشدار بێت لەو هەوڵانەی کە دەبنە هۆی ئازادکردنی لە زیندان و دەستەبەرکردنی پشتیوانیی ناوبراو بۆ پرۆسەی یەکگرتنەوەکە. سەردانەکە هێشتا چاوەڕوانی بڕیاری فەرمیی تورکیایە.
10. تورکیا تاوتوێی سڕینەوەی ناوی مەزڵووم عەبدی دەکات لە لیستی تیرۆری وڵاتەکەی، هاوشێوەی بڕیارەکەی پێشووی بە سڕینەوەی ناوی سەمیر ئۆسۆ (سیپان حەمۆ) لە لیستی ڕەشدا.