پووتین بۆ شەرع: پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەین

پووتین هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەروەریی سووریا رەتدەکاتەوە

سەرۆککۆماری سووریا و سەرۆکی رووسیا، هاوکارییە دووقۆڵییەکان و دوا پێشهاتەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد، هەروەها پووتین پشتیوانی رووسیای بۆ سەروەریی سووریا دووپات کردەوە.

چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا ئەنجامدا.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) بڵاوی کردەوە، لەم پەیوەندییەدا تەلەفۆنییەدا، هەردوولا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات، رێگەکانی پەرەپێدانیان و بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە بوارە جیاجیاکانی جێی بایەخی هاوبەشدا کرد.

پووتین جەختی لەسەر پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ یەکپارچەیی، سەروەری و پاراستنی خاکی سووریا کردەوە و، نیگەرانی و دژایەتی رووسیای بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل و پێشێلکارییەکان دژی سەروەریی سووریا دەربڕی.

هەروەها لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران و، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگی، راوێژکاری و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری سووریا و ناوچەکە بکات.