سەرۆک بارزانی: بنبڕکردنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران ئەرکێکی پیرۆزە

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق و شاندێکی یاوەری دەکات.

چوارشەممە 26ی ئابی 2026 لە پیرمام سەرۆک بارزانی پێشوازی لە دکتۆر محەمەد عەلی ئەللامی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، لە دیدارەکەدا دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمیش ئامادەی بوو، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق کورتەیەکی لەبارەی بڕیاری نەهێشتنی دیاردەی دزێوی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق و هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە و هەروەها بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو پڕۆسەیە بۆ سەرۆک بارزانی خستەڕوو.

بارەگای بارزانی رایگەیاندووە، وێڕای ئاماژەدان بە رۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی لە بنیاتنانی عێراقی تازە داوای پشتیوانی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ یارمەتیدانی عێراق لە بنەبڕکردنی گەندەڵی لە سەرانسەری عێراق. هەروەها هەماهەنگی و یارمەتییەکانی دامودەزگە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند و سوپاس و پێزانینی خۆی و دەستەی دەستپاکیی عێراقی ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد.
هەروەها لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی کرد و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکوومتی فیدڕاڵ بۆ بڕیاری بنبڕکردنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران راگەیاند و بە ئەرکێکی پیرۆز وەسفی کرد.
سەرۆک بارزانی ئەوەشی دووپات کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادرێت هەرێمی کوردستان ببێتە پەناگەیەک بۆ گەندەڵکاران و لەو پڕۆسەیەدا هێڵی سوور لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نیە.
سەرۆک بارزانی باسی لەوەش کرد کە سەرگرتنی پڕۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە بەردەوامی هەیە و نابێ وەستانی تێبکەوێت و لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەریدا بێت.