ترەمپ: موجتەبا خامنەیی نەکوژراوە

سەرۆکی ئەمریکا زانیاریی نوێی لەسەر جەنگی ئێران دراو تێکشکاندنی 22 بەلەمی ئێرانی لە گەرووی هورمز ئاشکرا کرد؛ هاوکات تێکچوونی باری تەندروستیی سەرکردەیەکی باڵای ئێران و هۆکاری سەردانی بەڕێوەبەری CIAی بۆ مۆسکۆ خستەڕوو.

چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا تەواوی وردەکارییەکانی پەیوەست بە سەردانی بەڕێوەبەری CIA بۆ مۆسکۆ، جەنگی ئۆکرانیا، دۆخی سەرکردە باڵا بریندارەکەی ئێران، و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە گەرووی هورمز ئاشکرا کرد.

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەرنامەی (گلێن بێک)، سەبارەت بە دۆخی جەنگ لەگەڵ ئێران و پرسیاری پێشکەشکار لەسەر چارەنووسی سەرکردەیەکی باڵای ئەو وڵاتە و دەنگۆی کوژرانی، ترەمپ بە روونی رایگەیاند: پێموانییە مردبێت، بەڵام بە سەختی بریندار بووە؛ لای چەپی جەستەی بە تەواوی، لەوانە قۆڵ و قاچی، بە توندی پێکراون. ئەوان لە تاران تەنیا نمایش دەکەن بەوەی بەردەوام دەچنە لای بۆ وەرگرتنی رەزامەندی و مۆڵەتی کۆتایی، بەڵام ئەوان گرووپێکی بەشەرەف و جێمتمانە نین بۆ رێککەوتنکردن.

ترەمپ سەرنجی خستە سەر دەستکەوتە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەکە و ئاشکرای کرد: ئێمە گەرووی هورمزمان بە کراوەیی هێشتووەتەوە؛ تەنیا شەوی رابردوو هێزەکانمان توانییان 22 بەلەمی ئێرانی تێکبشکێنن. لە پرۆسەی گەمارۆدانی دەریاییدا، هێزی دەریایی و سوپای ئەمریکا ئاستێکی بڕواپێنەکراویان پێشکەش کردووە. هەر لە بەکارهێنانی بۆمبهاوێژەکانی (B-2)ەوە بۆ لێدانی بنکە ئەتۆمییەکان تاوەکو ئێستا، ئێمە بە تەواوی باڵادەست بووین بەسەر دۆخەکەدا و بەرەو سەرکەوتنێکی زۆر گەورە هەنگاو دەنێین هاوشێوەی سەرکەوتنەکەمان لە ڤەنزوێلا.

هەروەها دووپاتی کردەوە هێزی ئاسمانی ئێران لەنێوچووە و دۆخی ئابوورییان زۆر خراپبووە، پێم وایە رێژەی هەڵئاوسان گەیشتووەتە 300%، تەنانەت ناتوانن مووچەی سەربازەکانیان بدەن و دراوەکەیان بەتەواوی بێ بەهابووە.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لە دۆخی هاتوچۆی نەوت لە کەنداو کرد و گوتی: تەواوی مینە چێنراوەکانمان لە گەرووی هورمز پاککردووەتەوە وەک چۆن دوێنێ بە فەرمی بڵاومانکردەوە؛ گەرووەکە ئێستا بە تەواوی کارایە و نەوتێکی زۆر هەناردە دەکرێت، بە جۆرێک تەنیا رۆژی رابردوو بڕی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووەکەدا تێپەڕیوە. راستە جاروبار درۆنێک یان مووشەکێک دەهاوێژرێت، بەڵام گەرووی هورمز بە تەواوی کراوەیە و کار دەکات.

ترەمپ سەرجەم دەنگۆکانی سەبارەت بە مەترسییەکانی گەشتەکەی جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری CIA بۆ رووسیا رەتکردەوە و گوتی: هیچ کام لەو لێکدانەوانە راست نین؛ سەردانەکە کارێکی نیمچە رۆتینییە و دەمانەوێت جەنگی ئۆکرانیا کۆتایی پێبێت.

ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، لە سەردەمی ئیدارەی پێشوودا زیاتر لە 25 ملیۆن کۆچبەر کە بەشێکیان بکوژ، بازرگانی ماددەی هۆشبەر و زیندانی بوون هاتوونەتە ناو خاکی ئەمریکاوە.