هەوڵەکان بۆ داخستنی یەکجارەکی دۆسیەی کەمپی هۆل چڕتر دەکرێنەوە
لیژنەی باڵای بەدواداچوونی دۆسیەی کەمپی هۆل لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا، پێنج تەوەر و دۆسیەی سەرەکی تاوتوێ کرد کە گرنگترینیان پلانەکانی داخستنی کەمپەکە و گەڕانەوەی خێزانەکان بوو.
چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، لیژنەی باڵای تایبەت بە بەدواداچوونی دۆسیەی کەمپی هۆل، کۆبوونەوەیەکی لە بارەگای راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پێنج دۆسیەی گرنگ ئەنجامدا.
نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەکە لە کۆبوونەوەکەیدا گفتوگۆی لە بارەی بەرنامەکانی شیاندنەوە و تێکەڵکردنەوەی ئەو خێزانانەی لە کەمپی هۆلی سووریاوە دەگەڕێنەوە، دیاریکردنی کاتی داخستن و کۆتاییهێنان بەم دۆسیەیە کردووە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پلانەکانی بەدواداچوونی خێزانەکان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان، پرسی بەڵگەنامە فەرمییەکان، موڵک و ماڵی تایبەت کران، هاوکات لەگەڵ تاوتوێکردنی چالاکییەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ناوەندی (ئەمەل) کار دەکەن.
کەمپی هۆل کە پێشتر نزیکەی 24 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێ بوو (پێکهاتبوو لە 7 هەزار عێراقی، 15 هەزار سووری و شەش هەزار و 300 ئافرەت و منداڵی بیانی لە 42 نەتەوەی جیاواز)، هەمیشە وەک مەترسییەکی ئەمنیی گەورە سەیر دەکرا.
هەروەها لە رێکەوتی 23ـی شوباتی 2026، حکوومەتی سووریا چۆڵکردن و داخستنی هەمیشەیی کەمپی هۆلی راگەیاند، کە تایبەت بوو بە حەواندنەوەی خێزانی چەکدارانی داعش، ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات پاشماوەی دانیشتووانی کەمپەکە بۆ کەمپەکانی گوندی حەلەب لە باکووری سووریا گواسترانەوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) چەندین جار داوایان لە وڵاتان کردبوو هاووڵاتیانی خۆیان لە کەمپەکە بگەڕێننەوە؛ بەڵام بەهۆی ترسی ئەمنیی و سیاسییەوە زۆربەی وڵاتان خۆیان لەم بەرپرسیارێتییە دەپاراست، ئەمەش کەمپەکەی کردبووە بۆمبێکی تەوقیتکراو.
کەمپی هۆل، دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی هۆل لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر، هێزەکانی سووریای دیمەکرات (هەسەدە) پاسەوان و بەڕێوەبەری کاروباریی تەناهیی کەمپەکەیان دەکرد.