پیسکۆڤ: گفتوگۆ هەواڵگریییەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ ئەرێنی بوون

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) بە فەرمی سەردانە رانەگەیەندراوەکەی جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)ی بۆ مۆسکۆ پشتڕاستکردەوە و ئاشکرای کرد کە گفتوگۆی ئەرێنی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی رووسیادا ئەنجام داوە، بەڵام لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆنەبووەتەوە.

چوارشەممە،26ـی ئابی 2026، دمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، دوێنێ کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی دەزگا هەواڵگرییەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرۆکی رووسیا ئەنجام نەدراوە.

گوتەبێژی کرێملین گفتوگۆکانی بە ئەرێنی وەسف کرد و رەتیکردەوە هیچ زانیارییەک لەبارەی تەوەرە سەرەکییەکان ئاشکرا بکات، هاوکات وەڵامی ئەو پرسیارەشی نەدایەوە کە ئایا جەنگی ئۆکرانیا تاوتوێ کراوە یان نا، تەنیا ئاماژەی بەوە کرد کە پووتین لە تەواوی وردەکاریی گفتوگۆکان ئاگادار کراوەتەوە.

سەردانەکەی راتکلیف بە یەکێک لە بەرزترین ئاستی پەیوەندییە فەرمییەکانی نێوان واشنتن و مۆسکۆ دادەنرێت لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا لە ساڵی 2022دا. ئەم جووڵە دیپلۆماسی و هەواڵگرییە لە کاتێکدایە کە هێرشە مووشەکی و درۆنییە دوولایەنەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بە توندی پەرەیانسەندووە و هەوڵەکانی ئاشتی بە سەرپەرشتیی ئەمریکا رووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە.

پیسکۆڤ لەو بارەیەوە گوتی: پەیوەندیی نێوان دەزگا هەواڵگرییەکان خۆی لە خۆیدا پێشهاتێکی ئەرێنییە، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانین ئەم هەنگاوە چۆن کاریگەری لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانی پەیوەندییەکانی نێوانمان دەبێت.

دواین سەردانی بەڕێوەبەری CIA بۆ مۆسکۆ لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2021دا بوو لەلایەن ویلیام بێرنزەوە پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکرانیا. سەرەڕای ئەوەی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا پێشتر رۆڵی لە پرۆسەکانی ئاڵوگۆڕی زیندانیانی نێوان هەردوو وڵاتدا هەبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نە کۆشکی سپی و نە دەزگای CIA هیچ لێدوان و هەڵوێستێکی فەرمییان لەسەر سەردانەکەی ئەمجارەی راتکلیف رانەگەیاندووە.