ماکرۆن ستایشی مەزڵووم عەبدی دەکات
سەرۆکی فەرەنسا تێکەڵکردنەوەی هەسەدەی لەناو دەوڵەتی سووریادا بە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە وەسف کرد و جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانییەکانی پاریس بۆ قۆناخی گواستنەوە، سەروەریی خاک و قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کردەوە.
چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) هەنگاوەی تێکەڵکردنەوەی هەسەدە بۆ ناو دەوڵەت بە هەنگاوێکی یەکلاکەرەوە وەسفکرد و ستایشی هەستی بەرپرسیارییەتیی مەزڵووم عەبدی و سەرکردایەتیی هەسەدەی کرد لەم پرۆسەیەدا، هاوکات پێزانینی خۆی بۆ پابەندبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بە سەرخستنی ئەم دەستپێشخەرییە دەربڕی.
ماکرۆن ئاماژەی بەوە دا، پاریس هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی قۆناخی گواستنەوەوە لە سووریا، رۆڵێکی کارای لە پشتیوانیکردنی ئەم دیدگا ئاشتییانەیەدا گێڕاوە و لە داهاتووشدا بە وردی چاودێریی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی بڕیارەکان دەکات.
سەرۆکی فەرەنسا دووپاتیکردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی قۆناخی گواستنەوە لە سووریا؛ پرۆسەیەک کە لەسەر بنەمای پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەریی سووریا، رێزگرتن لە سەرجەم پێکهاتەکان، و قۆرخکردنی چەک بە تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بەڕێوەدەچێت، و جەختی کردەوە کە تەنیا بەم شێوازە رێگەی ئاشتی و سەقامگیریی هەمیشەیی بنیات دەنرێت.
هەروەها وەزارەتی دەرەوە و کاروباری ئەوروپای فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، پاریس پێشوازی لە تەواوبوونی پرۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە لەناو دەوڵەتی سووریادا دەکات و ڕوونیکردەوە، ئەم پێشکەوتنە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی 29ی کانوونی دووەمی نێوان هەردوولادایە کە فەرەنسا بە شێوەیەکی کارا بەشداریی لە گەڵاڵەکردن و سەرخستنیدا کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێکی بنەڕەتییە لە پرۆسەی گواستنەوە بەرەو سووریایەکی یەکگرتوو، خاوەن سەروەری و فرەیی کە تێیدا ڕێز لە مافی سەرجەم پێکهاتەکان دەگیرێت.
دووپاتیشی کردەوە کە فەرەنسا بە وردی چاودێریی جێبەجێکردنی ئاشتییانەی ئەم ڕێککەوتنە دەکات، و لە درێژەی سەردانە فەرمییەکەی سەرۆککۆماری وڵاتەکەی بۆ دیمەشق، بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی قۆناخی گواستنەوە لە سوریادا.
هەر رۆژی سێشەممە لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا بۆ داڕشتنەوەی داهاتووی سووریا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی و هەڵوەشاندنەوەی وەک پێکهاتەیەکی سەربازیی سەربەخۆ ڕاگەیاند، هاوکات دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی لە سەنگەرەکانی شەڕەوە بەرەو ئاشتی، ئاوەدانکردنەوە و مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەییەکان ڕاگەیاند.