لیو جون: نزیکەی 50 قوتابی کوردستان لە زانکۆکانی چین دەخوێنن

کونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر رایگەیاند، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان لە گەشەسەندنی بەردەوامدایە و بازاڕەکانی هەرێم بوونەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ کاڵا و ئۆتۆمبێلە چینییەکان، هاوکات ئاشکرای کرد کار لەسەر دەستپێکردنی پێدانی ڤیزای گەشتیاری بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

چوارشەممە 26ـی ئابی 2026، لیو جون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی لە بواری ئابووری و وەبەرهێناندا بەهێزە و پڕ لە جموجۆڵە.

روونیکردەوە، لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵی رابردوودا، هاتنی کاڵا و بەرهەمە چینییەکان بۆ بازاڕی هەرێمی کوردستان لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان تێپەڕیوە و ئێستا ئۆتۆمبێلی چینی، بە تایبەتی ئەو مۆدێلانەی بە وزەی نوێبووەوە و کارەبا کار دەکەن، بە شێوەیەکی بەرچاو لەسەر رێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان دەبینرێن.

کونسوڵی گشتیی چین سەرنجی خستە سەر گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان خەڵک وەک بناغەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئاشکرای کرد کە کێشەی پێدانی ڤیزای بازرگانی چارەسەر کراوە و لەمساڵدا چەند هەزار ڤیزایەکی بازرگانی بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دراوە.

سەبارەت بە ڤیزای گەشتیاریش، لیو جون گوتی: ئێستا کار لەسەر پێدانی ڤیزای گەشتیاری دەکەین؛ بەپێی سیاسەتی ئێستامان دەتوانین ڤیزا بدەینە ئەو گرووپە گەشتیارییانەی کە لانیکەم لە پێنج کەس پێکدێن، هەروەها پێویستە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتا چینییەکانیان هەماهەنگی بکەن، و هیوادارین لەمساڵدا بتوانین بە تەواوی دەست بە پێدانی ڤیزای گەشتیاری بکەین.

لە رووی پەروەردەیی و ئەکادیمییەوە، کونسوڵی گشتیی چین دڵخۆشیی خۆی دەربڕی بەوەی کە ئەمساڵ 19 گەنجی هەرێمی کوردستان سکۆلارشیپی حکوومەتی چینیان بۆ درێژەدان بە خوێندن بەدەستهێناوە، بەوەش کۆی گشتیی ئەو خوێندکارانەی لە سێ ساڵی رابردوودا لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ خوێندن روویان لە چین کردووە گەیشتووەتە نزیکەی 50 خوێندکار، و دووپاتیشی کردەوە کە بەردەوام هانی گەنجانی هەرێمی کوردستان دەدەن بۆ خوێندن سەردانی وڵاتەکەیان بکەن.