چەند رۆژێک لەبەردەم مووچەخۆراندا ماوە بۆ خۆتۆمارکردن لە پڕۆژەی هەژماری من
لە داهاتوویەکی نزیکدا؛ مووچەخۆران دەتوانن لە پڕۆژەی هەژماری من بانکەکانیان بگۆڕن
بە پێی دوایین رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، دابەشکردنی مووچە بە شێوازی نەختینە لە کۆتایی مانگی ئابدا رادەگیرێت؛ سەرپەرشتیاری ناو تۆمارکردن لە پڕۆژەی "هەژماری من"یش رێکارەکانی خۆتۆمارکردن و وەرگرتنەوەی کارتەکان بۆ فەرمانبەران روون دەکاتەوە.
پڕۆژەی "هەژماری من" پێ دەنێتە قۆناخی کۆتایی خۆیەوە و، تا ئێستا 97%ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەکەدا تۆمار کراون. دوای 31ـی ئاب، بە پێی رێککەوتنی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ دابەشکردنی مووچە بە شێوازی نەختینەیی کۆتایی پێ دێت، تەنیا چەند ڕۆژێکی کەم لەبەردەم مووچەخۆراندا ماوە بۆ خۆتۆمارکردنیان لە پڕۆژەکە.
سیڤان بەرزنجی، سەرپەرشتیاری ناوتۆمارکردن لە پڕۆژەی "هەژماری من" لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی کوردستان24 رایگەیاند: زیاتر لە 80 هەزار کارت دروستکراوە و ئامادەیە، بەڵام تا ئیستا خاوەنەکانیا نەهاتوون وەریبگرنەوە. هاوکات داوای لە فەرمانبەران کرد سەردانی ئەو بانکە بکەن کە تێیدا تۆمار کراون بە مەبەستی وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.
سەبارەت بەو کەسانەی کە تا ئێستا لە پڕۆژەکەدا تۆمار نەکراون، سیڤان بەرزنجی روونکردنەوەی دا، کە دوو رێگە لەبەردەمیاندایە؛ یاخود سەردانی ئەو بانکە گشتییانە بکەن کە تیمەکانی "هەژماری من"یان لێیە، یانیش سەردانی یەکەی ژمێریاری لە وەزارەتەکانی خۆیان بکەن، چونکە پێشتر فۆڕمی ناوتۆمارکردن لە پڕۆژەکە بۆ ئەو یەکە ژمێریارییانە نێردراوە.
هەروەها دەربارەی گۆڕینی بانکەکان، سیڤان بەرزنجی گوتی: "هەر مووچەخۆرێک ئارەزووی گۆڕینی بانکەکەی بکات، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەتوانێت داواکاری پێشکەش بکات و پڕۆسەی گواستنەوەکە ئەنجام بدات."
سەرپەرشتیاری ناوتۆمارکردن لە پڕۆژەی "هەژماری من" ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا زیاتر لە 720 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا جێگیر کراون و لە ماوەی داهاتووشدا ئەم ژمارەیە زیاد دەکرێت.
بەرزنجی ئەوەشی راگەیاند: کە سەنتەری خزمەتگوزاری لە پڕۆژەی "هەژماری من" تا ئێستا وەڵامی زیاتر لە 428 هەزار پەیوەندی هاووڵاتییانی داوەتەوە و کێشەکانیانی چارە کردووە.
هەروەها داوای لە سەرجەم فەرمانبەران کرد، چ ئەوانەی خۆیان تۆمار نەکردووە بە زووترین کات کارەکانیان راپەڕێنن، یاخود ئەوانەی کارتەکانیان ئامادەیە، سەردانی بانکەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.
پڕۆژەی هەژماری من لە ساڵی 2023 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەنرا. ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەت بۆ بە مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیریی دارایی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.