بەریتانیا: هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو سووریایەکی یەکگرتوو

نێردەی تایبەتی بەریتانیا بۆ کاروباری سووریا بە وەکالەت، پێشوازیی لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تێکەڵکردنەوەی ئەو هێزە و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر لەناو دەوڵەتدا کرد و بە هەنگاوێکی گرنگ بەرەو یەکڕیزی و ئاشتی وەسفی کرد.

چوارشەممە 26ی ئابی 2026، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا پەیامی باری پێچ، نێردەی تایبەتی بەریتانیا بۆ کاروباری سووریا بە وەکالەت لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) بڵاوکردەوە.

نێردەی تایبەتی بەریتانیا بۆ کاروباری سووریا بە وەکالەت رایگەیاند، لەندەن پێشوازی لە راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ دەکات.

نێردەی بەریتانیا جەختی لەوە کردەوە کە تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە پاڵ دامەزراوەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەری دیموکرات لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لەناو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سووریادا، هەنگاوێکی گرنگ و بنەڕەتییە بەرەو دروستکردنی سووریایەکی یەکگرتوو کە سەرجەم هاووڵاتییانی لە ئاشتی و سەقامگیریدا بژین.

رۆژی سێشەممە لە وەرچەرخانێکی مێژووییدا بۆ داڕشتنەوەی داهاتووی سووریا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی و هەڵوەشاندنەوەی وەک پێکهاتەیەکی سەربازیی سەربەخۆ راگەیاند، هاوکات دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی لە سەنگەرەکانی شەڕەوە بەرەو ئاشتی، ئاوەدانکردنەوە و مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەییەکان راگەیاند.